سیاسەتمەدارێکی کورد: دەستپێشخەرییەکەی پارتی زۆر پۆزەتیڤە

 سیاسەتمەدارێکی کورد: دەستپێشخەرییەکەی پارتی زۆر پۆزەتیڤە
سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ، دەستپێشخەرییەکەی پارتی بۆ ئەوەی ھەموو جۆرە گوتارێکی گڕژ ڕابگیرێت زۆر گرنگ و پۆزتیڤە، چونکە پێویستە گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن.



د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو دەستپێشخەرییەی پارتی کردوویەتی زۆر باش و پۆزەتیڤە و شەڕی ڕاگەیاندن جگە لە زیان سوودی نییە و پێویستە ھەموو پێکەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن حکوومەتێک بە زووترین کات پێک بێنن، چونکە ھەشت مانگ و ھەفتەیەک بەسەر ھەڵبژاردندا تێپەڕ بووە، بۆیە پارتی ھەنگاوێکی ئیجابیی ناوە."



د. مەحموود عوسمان گوتیشی: "بڵاوکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی و یەکێتیش کارێکی زۆر باشە و ئێستا بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە کێ خەتای ھەیە و کێ خەتای نییە، چونکە ھەموو خاڵەکان شتێک نین بشارێنەوە و پێویستە خەڵکی کوردستانیش ئاگاداری ڕێککەوتنەکان بێت."



عوسمان باسی لەوەش کرد: "پێویستە ھموو لایەنەکان بێنە پێشەوە و ڕێککەوتنیش کراوە و تەنھا لەسەر ھەندێک پۆست ماوە نابێ ئەویش ببێتە کۆسپ و پێویستە بەزوویی چارەسەر بکرێت و چیی تر خەڵکی کوردستان چاوەڕێی پێکھێنانی حکوومەت نەکات."
kdp-
Top