پۆلیسی هەولێر پلانی ئەمنی بۆ رۆژانی جەژن دادەڕێژێت
لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە هاوكاری و هەماهەنگیی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەی داڕشتووە.
بە گوتەی لیوا عەبدولخالق، لە پلانە ئەمنییەكەدا تیمەكانیان لە ناو شاردا لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەكەن. "وێڕای مەفرەزەی گەڕۆك، كە لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بە بەردەوامی دەگەڕێن، هێزە هاوبەشەكەمان لە شوێنە گشتییەكانیشدا ڕێوشوێنی پێویستی ئەمنی دەگرنە بەر". تەڵعەت وای گوت.
دەشڵێ، پلانەكە لە ئەمڕۆوە دەستی پێ كردووە و تا دوای جەژنیش بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێشبینی دەكرێت گەشتیارێكی زۆر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە سەردانی هەولێر و دەوروبەری بكەن و، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگییەكی تەواو لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر كراوە تا ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت.
kdp -
