سەرۆک بارزانی پشتیوانی بۆ هونەرمەند و نووسەرانی سلێمانی دەردەبڕێت
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ یەكشەممە 2-6-2019 سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەند و ڕۆشنبیر و نووسەری شاری سلێمانی كۆبووەتەوە.
لە كۆبوونەوەکەدا، هونەرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیرانی سلێمانی، کە بەشێکیان لەسەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا ڕۆڵیان گێڕاوە، خۆشحاڵیی خۆیان بە دیداری سەرۆک بارزانی نیشان داوە.
هونەرمەند و نووسەرانی سلێمانی لە دیدارەکەیاندا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، باسی کێشە و گرفتەکانی بەردەم بزاڤی ڕۆشنبیری و هونەرییان کرد و داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد زیاتر پشتیوانیی لە خواستی هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کوردستان بکات، بەجۆرێک ڕۆڵ و پێگەی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و ماندووبوونیان، لەبەرچاو بگیرێت.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاندووە، ڕۆشنبیر و هونەرمەندان بەشێکی گرنگ و کاریگەری کۆمەڵگەن و هەندێجار ڕۆڵیشیان زۆر لە سیاسەتوانان زیاترە و دەتوانن خزمەتی زیاتریش پێشکەش بە گەلەکەیان بکەن، پشتیوانیی تەواویشی بۆ داوا و خواستەکانیان دەربڕیوە.
باسنيوز
