بەرپرسێکی پارتی داوا لە لاهوور جەنگی دەکات مێژووی نیو سەدە پێش خۆی بخوێنێتەوە
پاش ئەوەی لاهوور جەنگی خۆی لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەری کرد و هەڕەشەشی لەو کەسانە کرد کە باسی خیانەتەکەی خۆی و سەرانی دیکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکەن. بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: ”لاھوور جەنگی دەبێت مێژوی نیو سەدە پێش خۆی بخوێنێتەوە و زۆر دوور نەڕوات، ببینێت ئەوانەی وەکوو ئەو خیانەتیان کرد، بەردەوام خۆیان لەژێر رەحمەتی پێڵاوی بارزانیدا بینیوەتەوە، با لاھوور جەنگیش پەلە نەکات، بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆ یان سبەی، خۆی لەژێر ڕەحمەت و بەزەیی بارزانیی باوک یان کوڕدا دەبینێتەوە“.
جەختیشی کردەوە کە هەرچەندە یەکێتی لەشکر و پارەی هەیە، بەڵام بنەمای حزبی تێدا نەماوە و بووەتە چەند دەستە و گرووپێک کە هەر یەکەیان شەڕی پۆست و پلە دەکەن.
جەختیشی کردەوە کە ئەوانەی خیانەتی لە کەرکووک کرد، نەک ناکرێ وەک دەسەڵاتدار بگەڕێنەوە شارەکە، بەڵکوو دەبێت سەردانیکردنی کەرکووکیشیان لێ قەدەغە بکرێت.
بڵند ئیسماعیل نەیشاردەوە کە پێداگریکردن لەسەر دانانی یەکێک لە سەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پارێزگاری کەرکووک، نیشانی دەدات کە ”هێشتا ئەجێندیان خیانەتیان ماوە و داوایان لێ کراوە خیانەتەکە تەواو بکەن، ئەگینا ناکرێت ئەوانەی شارەکەیان فرۆشتووە، بکرێنەوە پارێزگار“.
باسنيوز
