چۆنیەتیی خیانەتی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتی لە زاری کازم سەیادی
لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە مێژووەکەی بۆ چەند ٢٦ی ١٠ی ٢٠١٧ و تەنیا ١٠ ڕۆژ دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری لاهوور جەنگی و گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەڕێتەوە، کازم سەیادی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا و نزیک لە نووری مالیکی، ئاماژەی بەوە کرد کە ”ھەر کەسێک بڵێت قاسم سولەیمانی ڕۆڵی لە پێشڕەوییەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە کەرکووک نەبووە، پێی دەڵێم درۆ دەکەیت“. ئەوەشی ڕەت کردەوە کە عەبادی لە ڕێککەوتنەکاندا ڕۆڵی سەرەکی ھەبووبێت و تەنانەت ئامادەش بووبێت.
سەیادی دەڵێت: ”ئەوەی ڕۆشت و ڕێککەوتنەکەی کرد و ھەموو بابەتەکەی ڕێکخست، قاسم سولەیمانی بوو. پاش ئەوەی ڕێککەوتنی نێوان قاسم سولەیمانی و سلێمانی (گرووپێکی یەکێتی) کرا، فەرمان بە عەبادی کرا کە ڕێککەوتن کراوە و یەکەکان بجووڵێنە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە بۆ ھێرشکردنە سەر ناوچە کوردستانییەکان، قاسم سولەیمانی فەرمانی بە حەیدەر عەبادی کردووە و گڵۆپی سەوزی بۆ ھەڵکردووە.
ھەر لەو بەرنامەیەدا و لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی ئەوسای دەستەی حەشدی شەعبی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆر لایەنیان تێدا بووە، بەڵام ”ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوون بوو و نھێنی نەبوو، ئەوەی قاسم سولەیمانی کردی، بە ئاگاداریی سەرۆک وەزیران بوو و خۆی ڕاوێژکاری حکوومەتی عێراقە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە: ”ڕۆڵی قاسم سلێمانی لە ڕووداوەکاندا نایاب بوو و ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و ئێران و عێراق لە ڕێی ئەوەوە ڕێک خرا“.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان، بە پاڵپشتیی گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھێرشێکی فراوانیان بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دا و دەستیان بەسەر خورماتوو و کەرکووک و ناوچەکانی دیکەدا گرت و جگە لە زیانە گیانی و ماددییەکان، نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەس لە ئەنجامی ڕووداوەکاندا ئاوارە بوون. دواتریش لە پەیامێکدا کە لە ١٨/١٠/٢٠١٧ بڵاوی کردەوە، کۆسرەت ڕەسول، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ شەممە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٩، لاهوور جەنگی، یەکێک لە سەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە خۆی و گرووپەکەی بەبێ بەڵگە بە خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر ناویان دەهێندرێت.
باسنيوز
