بەڕێوەبەری ئەزموونەکان: بە ھیچ شێوەیەک ئەزموونەکان دووبارە ناکرێنەوە
ھەردی مەعرووف، بەڕێوەبەری ئەزموونەکانی وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا پڕۆسەی ئەزموونەکانی نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت، ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر بە سەرپێچیکاران گیراوەتە بەر و ژمارەیەک خەڵک لەسەر گزیکردن دەستیگر کراون و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ھەر قوتابییەکیش گزی لەسەری ئاشکرا بکرێت، ئەمساڵ لە ئەزموونەکان بێبەش دەکرێت."
لەبارەی ھەڵەی پرسیارەکانەوە، بەڕێوەبەری ئەزموونەکان گوتی: "لیژنەیەکی پسپۆڕ لە وەزارەتی پەروەردە ئەرکی وەڵامی نموونەیی گرتووەتە ئەستۆ، ئەوەی لای ئێمە ڕوونە ھیچ ھەڵەیەکی گەورە لە پرسیارەکاندا ڕووی نەداوە، تەنیا لە ڕووی زمانەوانییەوە ھەندێ ھەڵە ھەیە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێ بڵێین پرسیار ھەڵەن، چونکە لە کۆتاییی پڕۆسەکە دیار دەبێت، چەند قوتابییەک وەڵامی کۆی پرسیارەکان دەدەنەوە و نمرەی ١٠٠ بەدەست دێنن، ئەگەر بێت و پرسیار ھەڵە بێت، قوتابی چۆن وەڵامی دروست دەداتەوە."
ھەردی مەعرووف دەشڵێت: "لە یەکێک لە وانەکان پرسیارێک ھاتبوو گوایە پێشتر لەنێو پەرتووکدا تەرک کراوە، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەت بڕیاری داوە دوو نمرە بە ھەر قوتابییەک بدرێت لەو وانەیە."
لەبارەی دووبارەکردنەوەی ئەزموونەکان، کە لە لایەن ھەندێ مامۆستاوە داوا کراوە، ھەردی مەعرووف ڕوونی کردەوە: "بە ھیچ شێوەیەک ئەنجامدانی ئەزموونەکان دووبارە ناکرێنەوە، چونکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ھەڵەی وای تێدا بێت دووبارە بکرێنەوە، یانیش لە ڕووی زانستی و یاسایییەوە ڕووداوێکی وەھا ڕووی نەداوە، ئەزموونەکان دووبارە بکرێنەوە.
kdp-
