بەرپرسێکی پارتی بۆ لاهوور جەنگی: دەست ناخەینە دەستی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکۆتبەر

بەرپرسێکی پارتی بۆ لاهوور جەنگی: دەست ناخەینە دەستی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکۆتبەر
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی لاهوور جەنگی دایەوە و ڕای گەیاند کە پارتی دەست ناخاتە ناو دەستی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر.

ئەمڕۆ شەممە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٩، لاهوور جەنگی لە کەرکووکەوە، ڕەخنەی ئەوەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان گرت کە ئامادە نییە دەست بخاتە نێو دەستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پرسی کەرکووکەوە. هاوکات لەبارەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریش کە ئەو و گرووپێکی نێو حزبەکەی بە ئەندازیاری خیانەتەکە ناسراون، هەڕەشەی توندی لە هەر کەسێک کرد کە ناوی وەک خیانەتکار بهێنێت.

لە بەرامبەردا د. فەرھاد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند: "ھەر کەسێک کەین و بەینی لەگەڵ گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەبووبێت، با لێرەوە پێی بڵێین شمولی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ناکات، یەکێک لە داواکارییەکانی پارتی ئەوەیە، چونکە کەسێک خەڵکی کەرکووک نەبێت و بێت شارەکە بفرۆشێت، نە خوا و نە گەل قەبووڵی ناکات".

ڕوونیشی کردەوە: ”قەبووڵمانە کەسێکی بێلایەن ببێتە پارێزگاری کەرکووک، خەڵک شەرەف و نامووسی لەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دانا و کەرکووکیان بە چەپڵە و ھەل ھەلە فرۆشت، ئێستا بێین بیکەینە پارێزگار؟ نەخێر، دەبێت دۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە، حەشد بچێتە دەرەوە و ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە خانەقین تا شنگال دیاری بکرێت، ناو شاری کەرکووکیش ئاسایش و پۆلیس بیپارێزن و بارەگای پارتی چۆڵ بکرێت و هێزەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەنجومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە و پارێزگار دیاری بکرێت، دەبێت بێ لایەن بێت و کورد بێت“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەشێکی یەکێتیش هاوڕای پارتین لەمبارەیەوە، بەڵام ”ئەگەر بوێرن قسە بکەن“. گوتیشی: ”ناھێڵین خیانەتکاران بۆیان بچێتە سەر، چونکە پیلانی دیکەی ھاوشێوەیان ھەیە".

دووپاتیشی کردەوە: ”ئامادەنین دەست بخەینە دەستی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەڵام دەست دەخەینە دەستی خەڵکی نیشتمانپەروەریان".












باسنیوز
Top