چالاکوانێکی سیاسی: گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکۆتبەر شکۆی شکاویان پێ ناگێڕدرێتەوە
پاش ئەوەی لاهوور جەنگی هەڕەشەی لەوانە کرد کە ناوی خۆی و گرووپێکی نێو حزبەکەی وەک خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەهێنن. ھیوا ڕەش، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی چەپی کوردستان و چالاکوانی سیاسی، ڕایگەیاند: ”پاڤڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند کە بە واژۆی ٣٨ ئەندامی سەرکردایەتی ڕێککەوتنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی کردووە، ھەروەھا وەستا ڕەسووڵ کە بەرپرسی میحوەرێکی سەربازی بوو، بێ پەردە باسی کۆبوونەوەی خۆیان دەکات لەگەڵ سەرانی داگیرکەردا، ئەمە و جگە لە لێدوانەکانی ئاسۆ مامەند کە بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسییە، کەواتە ١٦ی ئۆکتۆبەر گەلەکۆمەکییەکی داگیرکارانە بوو بۆ سەر خەڵک و خاکی کەرکووک، بۆیە بڕوا ناکەم ئەو گرووپە لەو شارەدا ھیچیان پێ بکرێت و شکۆی شکاوی خۆیان بگێڕنەوە و بتوانن ئەم لاپەڕە ڕەشە سپی بکەنەوە، بۆیە ھەر بەڵێنێک بە خەڵک بدەن، بڵقی سەر ئاوە“.
ڕوونیشی کردەوە کە ماڵ و موڵک داگیرکردن لە کەرکووک و لە لایەن شۆڤێنییەکانی عەرەب، ڕیشەیەکی مێژویی ھەیە و دەغڵودان و دانەوێڵە سووتاندن کردەیەکە لای ئەوان ھیچ نییە و تەنانەت منداڵی ناو بێشکەی کوردیشیان خستۆتە نێو نێڵەی ئاگری ماڵی سووتاوی کوردەوە.
باسیشی لەوە کرد، لە ساڵی ١٩٦٣، حەرەس قەومی هاوتای حەشدی شەعبییەکەی ئێستا، ڕوویان لە کوردستان کرد و دوو درووشمیان هەبوو کە هەردووکیان دژایەتیکردنی کورد و لەناوبردنی ژن و منداڵ و گەنج و پیری کورد بوو.
بە بڕوای هیوا ڕەش، ”حەشدی شەعبی و دەسەڵاتدارە شۆڤێنییەکانی ئێستای کەرکووک ھەموو شتێکیان لێ چاوەڕوان دەکرێ و ئاساییە، ئەوەی ئاسایی نەبێ، چاوساغی و کۆمەککردنیانە لە لایەن ھەندێ کوردی بێئەرزشەوە“.
ڕوونیشی کردەوە کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، چەندان پەرلەمانتار و کەسانی حزبی و حکوومیی سەر بەو ڕەوتە، دەیانویست وا لە خەڵک بگەیەنن کە حەشدی شەعبی داگیرکار نییە و دۆخی شارەکە ئاساییە، بەڵام ”ئەم لێدوانانەشیان بوونە بڵقی سەر ئاو، تابلۆکە ئێستا تەواو پێچەوانەی قسەکانی ئەوان پیشان دەدا، جا دەرکردنی کورد لە ماڵ و حاڵی خۆیان و سوتاندنی دانەوێڵەیان بێ یان ھێنانی عەرەب بۆ جێگەکانیان و نیشتەجێ کردنیان و داگیر کردنی موڵک و ماڵی کورد بێ، تەنانەت ئەو پۆستە حکوومییانەی کە زۆربەیان لە دەستی کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بوون، لێیان سەندرایەوە و درانە عەرەبەکان“.
باسنیوز
