سلێمانی.. 145 تۆن کاڵا و شتومەکی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناو بران
ئەمڕۆ شەممە 1/6/2019، قایمقامیەتی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەیتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "لە مانگی ڕەمەزاندا و لە ئەنجامی سەردانی لێژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و پشکنین بۆ ئەو کاڵا و شتومەکانەی بە ھاووڵاتییان دەفرۆشرێت، دەست بەسەر زیاترلە 145 تۆن کاڵاوشمەکی خراپ و ماوەبەسەرچوودا گیراوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئەو کاڵا و شتومەکانە لەلایەن لێژنەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی خۆرپاستنی تەندروستی و کوالێتیی کۆنترۆڵ و کۆلێژی زانستیی زانکۆی سلێمانییەوە پشکنینیان بۆ کراوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە ئەو کاڵا و شتومەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، پێک ھاتوون لە: خۆراکی منداڵ، خواردنەوەی کھوولی، گۆشتی ئاژەڵ، برنج، ھەنگوین، جگەری بەستووی مریشک، شەربەت، خورما، شیری نیدۆ و کیکۆز، قاوە، ئاوی کانزایی، میوەی جۆراوجۆر، دۆشاوی تەماتە، ترشیات و خواردنە لە قوتووکراوەکان.
باسنيوز
