لاهوور جەنگی هەڕەشە لەوانە دەکات کە باسی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری دەکەن
ئەمڕۆ شەممە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٩، لاهوور جەنگی، یەکێک لە سەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، سەردانی کەرکووکی کرد و لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (گەلی کوردستان)ی سەر بە حزبەکەی، هەڕەشەی لە هەر کەسێک کرد کە بە ئەنجامدانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر تۆمەتباری بکات.
لاهوور جەنگی شێوازێکی بازاڕی لە هەڕەشەکردنەکەدا بەکار هێنا و ڕای گەیاند کە هەر کەسێک بڵێت لاهوور جەنگی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا خیانەتی کردووە، ”جووتێک قۆنەرەی لاستیکی دەخەمە دەمی“.
لەمبارەیەوە هەڵوێست میرانی، پارێزەر و چالاکوان، وەڵامی قسەکانی لاهوور جەنگی داوەتەوە و ڕای گەیاندووە: ”بە ھاش و ھوش و ھات و ھاوار و جنێودان، نە مێژوو دەشێوێندرێ، نە ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە“.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە کەس بەبێ بەڵگە قسە ناکات، ”بەیاننامەکەی کۆسرەت ڕەسووڵ، دانپێدانانی پاڤڵ تاڵەبانی و دان نان بە ھەڵەکانی خۆت لە زاری خۆت، دەستێک دۆمینە و تاوڵەکانی ئاراس جەنگی، دیمانەکانی نەجمدین کەریم، دەستخۆشیەکانی عامری و مالیکی و عەبادی، ئەمانە ھەمووی لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار کراون و تەنھا بە دوو سێرچی ئینتەرنێت ھەموو دەکەونە بەرچاو“.
پێشتریش لاهوور جەنگی لەنێو خەڵکی کەرکووکدا بیری چووبوو کە کەرکووکیان ڕادەستی عەرەبە شۆڤێنییەکان کردووە و جنێوی بە ڕاکان جبووری، پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک کردبوو، بەڵام دواتر هەر خۆیان لەگەڵ ڕاکان جبووری ڕێککەوتنێکی نهێنییان ئەنجام دا و تەنانەت تیرۆریستەکانیشیان لە پێناو ڕازیکردنیان ئازاد کرد.
باسنيوز
