ئێران لە رێکخراوی فڕۆکەوانی سکاڵا تۆمار دەکات

ئێران لە رێکخراوی فڕۆکەوانی سکاڵا تۆمار دەکات
ئێران لە رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی (ئیکاو) سکاڵا لە دژی چەند فڕۆکەخانەیەکی جیهان، تۆمار دەکات.

مورتەزا دەهقان، بەڕێوەبەری فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتیی ئێرانی رایگەیاندووە، بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی جیهان بە هۆی سزاکانی ئەمریکاوە، سووتەمەنی نادەنە فڕۆکەکانی وڵاتەکەی.

مورتەزا دەهقان هەروەها رایگەیاندووە، کە پێنەدانی سووتەمەنی بە فڕۆکە ئێرانییەکان ”پێچەوانە“ی هەموو رێککەوتن و بنەما نێودەوڵەتییەکانە و سکاڵایان دژی چەند فڕۆکەخانەیەک تۆمار کردووە.

ئەمریکا دوای کشانەوەی لە رێککەوتننامەی ناوکی، ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاند و هەڕەشەی لە وڵاتانی جیهانیش کرد، کە ئەگەر پابەندی سزاکان نەبن، ئەوا رووبەڕووی هەمان سزا دەبنەوە.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا.











باسنيوز
Top