كاركردن لە سنووری نێودەوڵەتیی زێت دەستی پێ كردەوە

 كاركردن لە سنووری نێودەوڵەتیی زێت دەستی پێ كردەوە
دووبارە دەست بە دروستكردنی ڕێگای سنووری نێودەوڵەتیی زێت كرایەوە، کە بە تەواوبوونی ڕێگاكە و كردنەوەی سنوورەكە جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا لەو سنوورەوە دەست پێ دەكات، كە چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ ئامادەکارییەکانی سنوورەكە تەواو بكرێت.

لە ساڵی 2014، دەروازەی سنووریی زێتێ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە دەڤەری بارزان ڕەزامەندیی كرانەوەی وەرگیرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش كارەكانی وەستێنران.

هەرێمی كوردستان و توركیا ئێستا لە ڕێگەی هەردوو دەروازە سنوورییەكانی ئیبراهیم خەلیل و سەرزێڕەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری دەكەن.

كۆڤان ڕەشید، بەڕێوەبەری شارەدێی شێروانی مەزن لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "دووبارە دەست بە دروستكردنی ڕێگای سنووری نێودەوڵەتیی زێت كراوەتەوە، تا ڕێگاكەش تەواو نەبێت ناكرێتەوە، ڕێگاكە 12 كیلۆمەترە و دەبێتە ڕێگایەکی نێودەوڵەتی، ئەوەش پێویستی بەوە هەیە كە ستاندار بێت، بەڵام هەوڵ دەدەین ئەمساڵ تەواوی بكەین."

بەڕێوەبەری شارەدێی شێروانی مەزن گوتیشی: "كردنەوەی ئەو سنوورە لە ڕووی جموجووڵی بازرگانی و گەشتیارییەوە گرنگیی خۆی هەیە، هەتا لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئەمنییشەوە گرنگیی خۆی هەیە و، پارێزگای هەولێر بە باكووری كوردستانەوە دەبەستێتەوە، ئەوەش وا دەكات كە جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانی لەو سنوورە ڕۆژ بۆ ڕۆژ زیاد ببێت".
kdp-
Top