توركیا... پرسی چارەسەری دەستپێدەكاتەوە

توركیا... پرسی چارەسەری دەستپێدەكاتەوە
كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی بەسەر دیداری عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرۆكی بەندكراوی پەكەكە دەنگۆی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، هەندێك پێیانوایە ئاكپارتی بۆ راكێشانی دەنگی كوردەكانی ئیستەنبۆڵ ئەو هەنگاوەی ناوە، چونكە رۆژی ٢٣ی حوزەیران هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە، هەندێكیش پێیانوایە كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە نیە و بۆ هێنانەوە بەر باسی پرسی چارەسەری كێشەی كوردی باكوورە.

محەمەد كایا بەرپرسی ژووری پیشەسازی و بازرگانی ئامەد پێیوایە ئەگەر كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی پەیوەندی بە هەڵبژاردنیشەوە هەبێت، ئاساییە.

كایا دەڵێت بۆ كۆتاییهێنان بە مانگرتنی ئەو زیندانیانەی بە هۆی گۆشەگیركردنی ئۆجەلانەوە مانیان لە خواردن گرتبوو، كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی گرنگ بوو. ئەگەر حكوومەتیش ئەو هەنگاوەی نەهاویشتبا، دەگەیشتە خاڵێكی زۆر مەترسیدار.

لە ٢٠١٥دا كاتێك رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی ژاپۆنی كرد، لەناو فڕۆكە رۆژنامەنووسان لێیان پرسی، ئایا پرسی چارەسەری كۆتایی پێهاتووە؟ ئەردۆغان ئاماژەی دا كە ئەوان نەیانگوتووە ئەو پرسە كۆتایی پێ هات، بەڵكو لەناو ساردكەرەوەدا دایانناوە و هەر كاتێك بارودۆخ ئاسایی بووەوە دەكرێت ئەو پرسە دەربهێنرێتەوە.

بۆیە كایا پێیوایە ئەم هەنگاوەی حكوومەت لەبارەی ئۆجەلانەوە ئاماژەیەكی باشە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پرسی چارەسەری لە توركیا.

لای خۆیەوە ئیمام تاشجیگەر ئەندام پەرلەمانی هەدەپە پێیوایە كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی پەیوەندی بە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵەوە نیە، بەڵكو ئەوە خەباتی مانگرتووان بوو وای لە حكوومەت كرد بە ناچاری گۆشەگیركردنی ئۆجەلان هەڵبگیرێت.

هەروەها كەمال كلیچدارئۆغلو سەرۆكی جەهەپە لە دیمانەیەكدا بۆچوونی پارتەكەی لەبارەی خوێندن بە زمانی دایك واتە بە كوردی و هەروەها هەموو مافێكی تری كوردانی باكوور بە حەق زانیبوو و گوتبووی پێویستە لەناو پەرلەماندا ئەو پرسە بە یاسایی بكرێت و یاسای تایبەتی بۆ دەربچێت.

بۆیە تاشجیگەر دەڵێ ”پێشتر كلیچدارئۆغلو بە هیچ شێوەیەك باسی لە مافی كورد نەدەكرد و هەمیشە كوردی پشتگوێ دەخست، بەڵام ئێستە باس لە خوێندن بە زمانی دایك دەكات، ئەمەش خاڵێكی گرنگە بۆ كورد كە گەیشتووینەتە ئەو ئاستە“.

بەیرام بۆزیەك جێگری سكرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی كوردستان لە توركیا، پێیوایە كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی جگە لەوەی پەیوەندی بە كۆتاییهێنان بە مانگرتن و پرسی سووریاوە هەیە، دەكرێت هۆكاری سێیەمیشی بۆ زیاد بكەین، ئەویش هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵە.

بەیرام دەڵێ ”نەدەكرا ئۆجەلان لە ئیمیڕاڵییەوە داوا لە كوردەكان بكات لە هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیراندا دەنگ بە كاندیدی ئاكپارتی بدەن، ئەمە بۆ ئاكپارتیش نەخوازراوە، بەڵام كوردانی ئیستەنبۆڵ بە هۆی ئەو زمانە دوژمنایەتیەی ئەردۆغان بە بەرامبەر بە كورد بەكاری دەهێنا، بە گڕوتینەوە چوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیان بە ئەكرەم ئیمامئۆغلو دا، رەنگە ئەمجارە وا بە گوڕ و تینەوە دەنگ دژی كاندیدی ئاكپارتی نەدەن“.

گیان بە بەرداكردنەوەی پرسی چارەسەری، پەیوەندی بە پرسی سووریاشەوە هەیە، واتە ئەگەر لە داهاتووی سووریادا كورد رۆڵی پێ نەدرێت و توركیا دژایەتی هەموو مافێكی كورد بكات، ئەمە كاریگەری لەسەر كوردانی باكووریش دەبێت، بۆیە ئۆجەلان تیشكی زۆری خستووەتە سەر سووریا و دەیەوێت لەو رووەوە توركیا و یەپەگە بگەنە خاڵی رێككەوتن.










باسنيوز
Top