فەرەیدون عەبدولقادر وەڵامی روونكردنەوەكەی یەكێتی دەداتەوە

فەرەیدون عەبدولقادر وەڵامی روونكردنەوەكەی یەكێتی دەداتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە فەرەیدون عەبدولقادر سەركردەی پێشووی یەكێتی لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی روونكردنەوەكەی دوێنێی یەكێتی داوەتەوە لەبارەی كاندیدكردنی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك لەلایەن سەركردایەتی پارتی و یەكێتییەوە.

فەرەیدون عەبدولقادر لە بەیاننامەكەیدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)دا بڵاو كراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە زۆری تەمەنی خۆی لەگەڵ مام جەلال و تێكۆشەرەکانی یەكێتی بۆ باڵاکردنی یەکێتی و خزمەتی کورد و کوردستان تەرخان کردووە..، لە کاتێکدا من لە دەرەوەی وڵاتم، زۆرم لا سەیرە هەڵایەکی نابەجێ نراوەتەوە لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکووک و ناوهێنانی لەو گێژەنگە سازکراوەدا.

دەشڵێ "پاش چەند جارێک کە بۆ پارێزگاری کەرکووک رووی دەمی لێپرسراوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاراستەی من کراوە، هەمیشە گوتوومە قبووڵم نیە. یەکەم جار شەوی پەلاماردانی کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەردا، ئاسۆ مامەند بە ئامادەبوونی کاک کۆسرەت و مامۆستا بەکر و تێکۆشەرێکی زۆر ئەو باسەی کردەوە، کە من قبووڵی بکەم پۆستی پارێزگار وەربگرم، جارێکی تریش هەر لە کۆڕی کاک کۆسرەت و لە ماڵی خۆیان بە ئامادەبوونی عارف قوربانی و مامۆستا بەکر هەمان وەڵامم دایەوە کە من ئەو کارە ناکەم".

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە "لە دەمی کۆبوونەوەکانی هەردوو وەفدی یەکێتی و پارتیدا جەنابی کاک کۆسرەت کە جێگری یاسایی و جێگری سکرتێری گشتییە و کەسی یەکەمی ناو یەکێتییە. داوای لێ کردم چونکە خۆی لە کۆبوونەوەی دووقۆڵیدا لەگەڵ جەنابی مەسعود بارزانیدا رێککەوت لەسەر ئەوەی فەرەیدوون عەبدولقادر کە هەردوو حیزب پێی رازین و وەکو تێکۆشەرێکی دیاری جولانەوەی کورد تەماشای ئەکەن، ئەو پۆستە وەربگرێ. هەموو برایان مامۆستا بەکر و کاک ئیسماعیل مەحموود ئاگادارن کە رازی نەبووم و تەنها لەبەر هاوڕێیەتی زۆر لەگەڵ کاک کۆسرەت و لە دڵسۆزیم بۆ یەکێتی بە رەسمی رەتم نەکردەوە، بەڵام پێم گوتوون کە ئەو ئیشەم پێ خۆش نیە. بەڵام باسەکە خرایە ئەو قاڵبەوە کە رەزامەندی من خزمەتی تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی ئەکات، بۆیە بێدەنگ بووم".

فەرەیدون عەبدولقادر ئەوەشی گوتووە "جەنابی کاک کۆسرەت و ئەو بەڕێزە ماندووانەی یەکێتی سەرکردایەتییەکەی ئەزانن کە من چەند خزمەتی یەکێتییم کردووە و لە کاتە سەختەکاندا. لە سەرەتاکانەوە تا راپەڕین و لە گەڕانەوەی یەکێتی بۆ مەڵبەندی خۆی پاش 31ی ئاب، چەندە رۆڵی پڕ لە خزمەتم دیوە. هەموو ئەزانن کە من خۆم بە خاوەنی یەکێتی ئەزانم و هەموو تێکۆشەرەکانی یەکێتییم لا بەنرخە و زۆریش بەداخم بۆ ئەوەی کەسانێک لە یەکێتی پەیدابوون هەر لە خۆڕا هەڵدەچن و هەموو سنوورێکی برایەتی و وەفا و جوامێری ئەبەزێنن و خۆیان ئەدەنە دەست بێویژدانی. ئەگینا هەرگیز و بەهیچ پێوەرێک کەس لەوانەی خۆیان بۆ پۆستە باڵاکانی ئەنجوومەنی وەزیران و دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم کەمتر نیم و پۆستی پارێزگار بۆ تێکۆشەرێکی کارا و دڵسۆز زۆر نیە و مایەی ئەو شپرزەبوونە زۆرە نیە کە گەلەکەمان بەسەرسامییەوە لێی ئەڕوانی".

جێی باسە ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ گوتەبێژی فەرمیی یەكێتی رەتی كردبووەوە فەرەیدون عەبدولقادر كاندید كرابێت بۆ پارێزگاری كەركووك.














باسنيوز
Top