سەرۆكایهتی پەرلەمانی كوردستان: پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی و گەلی كوردستان دەكەین
بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، تایبەت بوو بە خستنەڕوو و هەڵبژاردنی پاڵێوراوەكان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەپێی حوكمی خاڵی (5 و 6)ی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (4) لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019، (یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان-عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور).
سەرەتای دانیشتنەكە د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەروونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: "بەپێی رێكارە یاساییەكان و لە چوارچێوەی حوكمەكانی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 1ی ساڵی 2005 و یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان-عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە رێگەی وێبسایتی فەرمیی پەرلەمانی كوردستانەوە رێكارەكانی خۆكاندیدكردنی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان راگەیاند".
د. ڤاڵا گوتیشی: "دوای وەرگرتنی ناوی كاندیدەكان، كە 9 كاندید (سیڤی)ـیان پێشكەش كردبوو، سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكاندا ناوی 5كاندیدی پەسند كرد و دواتریش لەو چوار كاندیدەی كە رەت كرابوونەوە، دووانیان لە رێگەی دادگای تەمییزەوە تانەیان لە بڕیارەكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان گرتبوو، دوای پێداچوونەوەی تانەكان، دادگای تەمیزی هەرێم بڕیارەكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بە راست و دروست و یاسایی وەسف كرد".
دواتر بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ناوی كاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم خوێندەوە، كە بریتی بوون لە نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی، ئومێد عەبدولسەلام قادر، محەمەد حەمە ساڵح عومەر، رێبوار عەزیز مستەفا و هیوا عەبدوڵڵا خدر.
دواتر سەرۆكی پەرلەمان پرۆسەی دەنگدانەكەی دەست پێكرد و سەرەتا ناوی نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانیی خستە دەنگدانەوە و لە كۆی 81 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 68 دەنگی بەدەست هێنا و هەر چوار كاندیدەكەی دیكەش (ئومێد عەبدولسەلام قادر، محەمەد حەمە ساڵح عومەر، رێبوار عەزیز مستەفا و هیوا عەبدوڵا خدر) بە جیا خرانە دەنگدانەوە و نەیانتوانی دەنگی هیچ ئەندامێك بەدەست بێنن.
بەم بۆنەیەشەوە، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەین بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێم و هەروەها پیرۆزبایی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەكەین و هیوادراین ببێتە پارێزگاری سەروەریی یاسا و مافی خەڵك و هەماهەنگی بكات لە نێوان دەسەڵاتەكانی فیدراڵی و هەرێم". بەم شێوەیەش كۆتایی بە دانیشتنەكە هێنا.
kdp-
