"پرۆژه‌یه‌ك بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئەوانەی دەغڵودانیان سووتاوە ده‌درێته‌ به‌غدا"

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارە کوردانەی لە کەرکووک و سەرگەڕان و خانەقین و مەخموور دەغڵودانیان سووتێندراوە. سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێ، عەرەبی ھاوردە و ھێزەکانی عێراق ڕێگری لە دروێنەی جووتیارانی کورد دەکەن.



جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دووای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەغڵودانی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سووتێندرا، لیژنەکەمان بەردەوام بەدوواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە و پلانمان ھەیە لە ڕێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پڕۆژەیەک پێشکەشی حکوومەتی فیدراڵ بکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەرھەمەکەیان سووتاوە."



سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت: "بەپێی ئەو ئامارانەی بە ئێمە گەییشتوون زیاتر لە دوو ھەزار دۆنم زەوی سووتێندراوە، بەڵام پێشبینی دەکەین ڕێژەکە زۆر لەوە زۆرتر بێت و، لەبەر ئەوەی خاوەنی ئەو زەوییانە جووتیاران و ژیانیان لەسەر بەرھەمی کشتوکاڵە، ئێمە داوای قەرەبووکردنەوەیان بۆ دەکەین و ئەرکی حکوومەتی بەغدایە ھەمووی ئەوانە قەرەبوو بکاتەوە کە بەرھەمیان لە ناوچە کوردستانییەکان سووتێندراوە."



جوان ڕۆژبەیانی ئاشکرای کرد: "ھێزەکانی عێراق و عەرەبە ھاوردەکان ڕێگری لە دروێنەکردنی گەنمی جووتیارانی کورد دەکەن و، بڕیارە ئەمساڵ ڕێگەیان پێ بدرێت گەنمەکانیان دروێنە بکەن، بەڵام بۆ ساڵی داھاتوو دەبێ کێشەکانیان یەکلا بکرێتەوە و بزانن کێ خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانەیە، بۆ ئەوەش پێویستە یاسا سەروەر بێت، چونکە بەپێی دەستوور و ماددەی ١٤٠ چارەنووسی زەوییە کێشەلەسەرەکان یەکلا دەکرێتەوە، نەک بە داگیرکاری و تەعریبکردن."
kdp-
Top