لە دەرئەنجامەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر خەریکە پەیکەرەکەی مامە ڕیشە لە کەرکووک لادەدرێ

لە دەرئەنجامەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر خەریکە پەیکەرەکەی مامە ڕیشە لە کەرکووک لادەدرێ
دوای ڕووخاندنی پەیکەری پێشمەرگە و داگرتنی ئاڵای کوردستان لە دەروازەی شاری کەرکووک، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک ھەوڵی ڕووخاندنی پەیکەرەکەی مامە ڕیشە دەدەن و ھاوسەری (مامە ڕیشە)ش ھۆشداریی توند بە بەرپرسانی یەکێتی دەدات.

لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریب و سڕینەوەی شوێنەواری کورد لە کەرکووک کە لە پاش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە چڕی دەستی پێکردووە، ئەگەر هەیە پەیکەرەکەی مامە ڕیشە لە کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بڕووخێندرێت.

لەمبارەیەوە نیشتمان حەسەن، ھاوسەری مامە ڕیشە، ڕايگەیاند: "نازانم بۆچی حەشدی شەعبی پەیکەری مامە ڕیشە دەڕووخێنێت، بەڵام پێویستە یەکێتی ڕێگە نەدات ئەو پەیکەرە لە شاری کەرکووک بڕووخێنێت".

جەختیشی کردەوە کە پەیکەری مامە ڕیشە هیچ زەرەرێکی بۆ هیچ لایەنێک نییە، بۆیە داوای کرد کە پەیکەرەکە لە کەرکووک لانەبرێت، چونکە ”مامە ڕیشە خەبات و تێکۆشانی بۆ کوردستان کردووە و تەنھا بۆ یەکێتی نەبووە، بەڵکوو بۆ ھەموو کورد بووە".

ھاوسەری مامە ڕیشە، جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە یەکێتی لە کەرکووک پارێزگاری لە پەیکەری مامە ڕیشە بکات و ڕێگە نەدات ھیچ کەس و لایەنێک پەیکەرەکە بڕووخێنێت.

مامە ڕیشە، یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتی کە ساڵی ١٩٨٥ لە بۆسەیەکی ڕژێمی بەعس لە گوندێکی نزیک کەرکووک شەھید کرا و ڕۆژی ٢١/٤/٢٠١٦ لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکووک و ئەو کاتەی کە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک بە فەرمی لەسەر کارەکەیدا بوو، پەردە لەسەر پەیکەری نەجمەدین شکور، ناسراو بە (مامە ڕیشە) لادرا.

لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، کەرکووک لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حەشدی شەعبی و هەندێک هێز و لایەنی ئیقلیمی، کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و تاوەکوو ئێستاش بە توندترین شێوە سیاسەتی بەعەرەبکردنی تێدا جێبەجێ دەکرێت.












باسنيوز
Top