لە سنووری داقووق جارێکی دیکە دەغڵودانی جووتیارانی كورد ئاگری گرت
لەمبارەوە هیوا رەشید، بەرپرسی ناوچەی داقووقی پارتی، ڕایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو 27/5/2019، ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندی "دارا"ی سنووری كوردنشینی ناوچەی "هەفتەغار"ی سەر بە شارۆچكەی داقووق كەوتەوە".
گوتیشی: "لە كاتێكدا جووتیارەكان دەیانویست بڕۆن ئاگرەكە بكوژێننەوە، بەڵام دەستڕێژی گوللە ئاراستەی جووتیارەكان دەكرا، ئیتر نەدەزانرا ئەو تەقانە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەكرێت، یاخود حەشدی شەعبی".
بەپێی زانیارییەكان لە چەند رۆژی رابردووشدا ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندی "دارا"ی سەر بە ناوچەی هەفتەغار بەر دەدرا، بەڵام بەهۆی ئاگرەكەی شەوی رابردوو تەواوی دەغڵودانەكانیان سووتا.
هاوكات هیوا رەشید، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە چەند شەوی رابردوو لە سنووری گوندی "مەتیقی" كاكەیینشین ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی ئەو گوندەش كەوتەوە و لەو كاتەدا پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەكە، بەڵام بۆمبێكی چێندراو پێیاندا تەقییەوە لە ئەنجامدا پۆلیسیك بە ناوی (هاوكار جەلیل) گیانی لە دەست دا و دوو پۆلیسی دیكەش بریندار بوون، هەروەها هەر لە چەند رۆژەی رابردووشدا ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی سنووری كۆمەڵگەی گەرمیانی سەر بە داقووق كەوتەوە، لە ئەنجامدا جووتیاران زیانێكی زۆری مادییان بەركەوت.
باسنیوز
