فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان : ھەنگاو بە ھەنگاو پاڵپشتی و داخوازیکاری ھەموو مافەکانی خەڵک دەبین
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە.
فراکسیۆنی پارتی رایگەیاندووە، فراکسیۆنەکە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگەی داوە.
فراکسیۆنی پارتی بەڵێن بە پێشمەرگە دەدا هەوڵەکانی بەردەوام دەبێ بۆ ئەوەی هەموو مافەکانی پێشمەرگە بگێڕدرێنەوە و ”ھەنگاو بە ھەنگاو پاڵپشتی و داخوازیکاری ھەموو مافەکانی خەڵک دەبین“.
رۆژی یەکشەممە 26-5-2019، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، کە پلەی پێشمەرگە، ئەوانەی لە 2016 پلە بەرزکردنەوەی راگیرابوو، واژو لەسەر پلە بەرزکردنەوەیان دراوە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
فراکسیۆنی پارتی پاڵپشتی مافەکانی پێشمەرگە دەکات
دوای وەستانی بەرزکردنەوەی پلەی ھێزەکانی پێشمەرگە ئەمڕۆ ئاگادارکراین کە جارێکی دیکە پلە بەرزکردنەوە وەک یەکەم ھەنگاو لە پلەدارەکانەوە دەستپێدەکاتەوە و ئەوانەی ساڵی ۲٠۱٦ پلەکانیان ڕاگیرابوو، واژۆ لەسەر پلە بەرزکردنەوەیان کراوە و ئامادەکاری کراوە بۆ ساڵەکانی دواتریش بکرێت.
لێرەوە دەستخۆشی لەبیرناکەین بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ھەوڵەکانمان لەگەڵیان بۆ ئەم بابەتە ئەنجامیان دا بەدەستەوە و ھاوکاربوون وە پاڵپشتی ئێمەبوون کاتێک لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆمان لەگەڵکردوون.
ڕاگرتنی بەرزکردنەوەی پلەی ھێزەکانی پێشمەرگەو فەرمانبەران بەھۆی قەیرانی دارایی بوو، لە داھاتوو ھەوڵەکانمان درێژەیان دەبێت بۆ ئەوەی ئەم مافانە بچنەوە سەر ڕێچکەی خۆیان ھەنگاو بە ھەنگاو پاڵپشتی و داخوازیکاری ھەموو مافەکانی خەڵک دەبین.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
۲٦/٥/۲٠۱۹
باسنیوز
