"دەستەی باڵای نیشتەجێبوون دادەمەزرێت"

بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون ھەژمارێکی بانکی بکرێتەوە و بەرپرسێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێ، داوای دابینکردنی پارەمان کردووە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و پێشنیارێکی نوێ ھەیە بۆ دامەزراندنی سندووقی نیشتەجێبوون.



ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ نیشتەجێبوون بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یاسایەک لە ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت و فەرمانبەران ھەیە، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە هەژمارێکی بانکی بکرێتەوە بە ناوی سندووقی نیشتەجێبوون."



بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: "پێشنیارێکی دیکە ئامادە کراوە بۆ دامەزراندنی دەستەی باڵای نیشتەجێبوون لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ئەویش تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجامی کۆتایی."



ئاگرین عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "ڕێنمایی ھەیە و بە سیستەم کراوە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، خاڵەکانی سوودمەندبوونی ھاووڵاتییان بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون زۆرن، لەوانەش پێشتر سوودمەند نەبووبێت وەرگرتنی زەوی و خانوو پێشینەی خانووبەرە، ژمارەی ساڵانی خزمەت و ژمارەی ئەندامانی خێزان مەرجە بۆ سوودمەندبوون لە یەکەی نیشتەجێبوون."



ئاگرین عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جددیە لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، بەڵام قەیرانی دارایی ڕێگر بووە و ئێستا داوای پارەمان کردووە بۆ ئەوەی دەست بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ھاووڵاتییان و فەرمانبەران بکەینەوە
kdp-
Top