"شۆڕشی گوڵان باشترین وەڵامدانەوەی ڕێککەوتنامەی خیانەتکارانەی جەزائیر بوو"

ئەمڕۆ ٤٣ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا دەرباز دەبێت و بەشداربوویەکی شۆڕشیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان وەڵامدانەوەی ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر بوو، پارتی سەلماندی کە کورد ناکەوێ.



ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆی ڕێک خستەوە، لە دوای ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر جارێکی دیکە پێشمەرگەکانی پارتی توانییان درێژە بە شۆڕشی گەلی کوردستان بدەن و یەکەم فیشەک بە ڕووی دوژمندا تەقێندرا.



ناسح غەفوور، کادیری پێشکەوتووی ئەوکاتی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "شۆڕشی نیشتمانیی گوڵان قۆناغێکی زۆر گرینگی شۆڕش بوو، چونکە درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، گوڵان ڕەتکردنەوەی ئەو ڕەوشە دژوار و پڕمەترسیدارە بوو کە لە ئەنجامی خیانەتی نێودەوڵەتیی جەزائیر بەسەر گەلی ئێمەدا سەپێندرا، لەبەر ئەوەش بەرپاکردنی شۆڕشی گوڵان، باشترین وەڵامدانەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمنان بوو."



ئەو بەشداربووەی شۆڕش گوتیشی: "لە شۆڕشی گوڵاندا بە ڕێبەرایەتیی بارزانی نەمر و ڕێنماییی سەرۆک بارزانی، کورد توانی خۆی ڕێک بخاتەوە و دەست بکاتەوە بە شۆڕش، بەر لە دەستپێکردنی شۆڕش، پارتی پێداچوونەوەی بە ڕێکخستنەکانیدا کرد و بەر لە دەستپێکردنی شۆڕش بڕیاری دا بەخوداچوونەوەش بکرێت، لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ١٩٧٥ کۆنفرانسێکمان لە بەرلین بەڕێوە برد، ئەویش لەبارەی چوونیەتیی خۆئامادەکردن بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات و دەستپێکردنەوەی شۆڕش."



غەفوور ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە کۆنفڕانسی بەرلیندا ھەڵسەنگاندنی تەواو و ورد بۆ شۆڕشی ئەیلوول کرا و توانیمان سوود لە زۆر شت وەربگرین بۆ ھەستانەوەی شۆڕش، ئەوەی لە شۆڕشی ئەیلوول بەدەست نەھاتبوو لە گوڵان کردمانە ئامانج بۆ بەدەستھێنانی، ھەر لە شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا توانیمان لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا ھەموو ھێزەکان یەک بگرین بۆ بەدەستھێنانی مافی گەلەکەمان."



ناسح غەفوور ڕوونی کردەوە، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتووە، بەرھەمی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازە و دەڵێت: "بێگومان دەستکەوتی شۆڕشی گوڵان زۆرن، بەڵام ڕاپەڕین و پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشێکن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش، بە دوای ئەوانیشدا توانیمان سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراقدا مسۆگەر بکەین."
kdp-
Top