" ئاڵۆزییەکانی کەرکووک بەھۆی تەعریب و جووڵەی داعشەوەیە"
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی کەرکووک زیاتر ڕەوشەکەی ئاڵۆز کردووە، چونکە سەرەڕای بەھێزبوونەوەی داعش لەو سنوورە پڕۆسە عەرەباندن و سووتاندنی گەنمی جووتیارانیش دەستی پێ کرد و ئێستا کەس نازانێ کێ بە دروستی لەپشت ڕووداوی ئاگرگرتنی دەخلودانی جووتیارانەوەیە، لەبەر ئەوەی ھەموو ناوچەکانی گرتووەتەوە، ھەتا گەیشتووەتە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراقیش."
سەرچاوەکە نەیویست ناوی ببرێت و گوتی: "عەرەبی ھاوردە و داعش ھەریەکە و لەلای خۆیەوە دەستی لەپشت ڕووداوەکانی کەرکووک و خانەقینەوە ھەیە، لە پشتی داقووقەوە تا دەگاتە زنجیرەچیای حەمرین، لە بەری ڕۆژئاوا و باکووریشەوە لە پردێ تا حەویجە و دووبز داعش تێیاندا چالاکە و جووڵەی ھەیە، ھەر ئەوەش وای کردووە ھەرکاتێک ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ھەبێت، خەڵک دەچن بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکە، کەچی بۆمبی چێندراو لەناو ئاگر دەتەقێتەوە و چەندین کەس بەو ھۆیەوە بوونەتە قوربانی."
ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھێزە ئەمنییەکان و دەزگا فریاگوزارییەکانی ناوچەکە باکیان لە قوربانیی خەڵک نییە، لەبەر ئەوەی خەڵکی ناوچەکە نین، جگە لەوەی توانای پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییانیان نییە، لە کاتی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوەکانیشدا وەک پێویست بە ھانای خەڵکەوە ناچن، ئەوەش وای کردوە تا ئێستا چەندین کەس بەھۆی ئاگرکووژاندنەوە گیانیان لەدەست داوە."
kdp-
