مەسروور بارزانی کابینەکەی زووتر لە ماوەی یاسایی دیاریکراو پێک دەهێنێت
ھۆشیار سیوەیلی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی رایگەیاند: ”برایانی یەکێتی پابەندە بەو رێککەوتنەی کە کراوە و رۆژی ٢٨ مانگ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بەڕێوە دەچێت و دواتریش سەرۆکی نوێی حکوومەت بۆ پێکھێنانی کابینەکەی ڕادەسپێردرێت، ئالیەتی دەست بەکاربوونیش بۆ سەرۆکی ھەرێم بەحوکمی ئەوەی جێگری سەرۆکی پارتیشیمانە، لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە ئامادەکاری بۆ دەکرێت، بەتایبەت پرسی مەراسیمی دەست بەکار بوون و لە رێورەسمێکی شایستەدا بۆی رێک دەخرێت، لەو بارەوە لێژنەیەک بۆ سەرپەرشتیی مەراسیمی دەست بەکار بوون دانراوە، کەسایەتییەکی زۆر لەو رۆژە بانگ دەکرێت“.
سیوەیلی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێش وادەی دیاریکراو، مەسروور بارزانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات، چونکە ھیچ تەگەرەیەک لەبەردەم پێکھێنانی حکوومەت نییە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش خەریکی ئامادەکاریی حکوومەتە.
لەلایەن خۆشیەوە عارف ڕووشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: ”کارەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بە ڕێکارە یاساییەکانی خۆیدا دەڕوات، ئەمڕۆ دادگای تەمیز لەبارەی ڕەخنەی ئەو کەسانەی داواکارییان پەسەند نەکراوە، بڕیار دەدات، دواتریش پەرلەمان کۆدەبێتەوە، ئەو کەسانەی پێشنیازیان قەبووڵ کراوە، بۆ خۆپاڵاوتن ناویان دەخرێتە دەنگدانەوە و ئەوەی زۆرینەی دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆکی هەرێم“.
ڕوونیشی کردەوە کە سەرۆکی هەرێم کاندیدی پارتی وەک لایەنی براوەی هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێرێت، کاندیدەکەش سەردانی هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە بڕیاری بەشداریکردنیان لە حکوومەت داوە، بۆ ئەوەی ناوی کاندیدەکانیان لێ وەربگرێت و کابینەکەی ڕابگەیەنێت. گوتیشی: ”پارتی خۆی کاندیدی بۆ هەموو پۆستەکان ئامادەیە و بۆ ئەو ڕۆژە ناوەکان ئاشکرا دەکەین و دەڵێین فڵان کەس بۆ فڵان شوێنە“.
ئەو ڕاوێژکارەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: ”مەسروور بارزانی وەک پاڵێوراوی پارتی، خواستی ئەوەیە بە زووترین کات کابینەکەی دەست بەکار بێت“.
باسنیوز
