بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەنگۆی لابردنی ڕەت دەکاتەوە

بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەنگۆی لابردنی ڕەت دەکاتەوە
بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، ئاگادار نیم لەو نووسراوەی بۆ لابردنم باس دەکرێت، هەر شتێکیش لەو بارەیەوە هەبێ لە ڕووی ئیدارییەوە هەڵوێستی خۆمان دەبێت.

دوای ئەوەی دەنگۆی لابردنی (عەلی قادر) بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاو کرایەوە، کە گوایە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە، هۆکارەکەشی پەیوەندیی بە چەند مەلەفێک هەیە، لەو بارەیەوە عەلی قادر، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ڕاگەیاند: "ئەو نووسراوەی باس دەکرێت بە من نەگەیشتووە و نازانم شتێکی لەو بابەتە هەبێت، دیارە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی کۆگای سندووقەکانی دەنگدان لە ڕۆژی ٣٠\٤\٢٠١٩ لێپێچینەوەی ئیداری دەکریت، بەڵام کاتێک کەرەستە و پێداویستییەکانت بۆ دابین نەکرابێت تاوانت چییە؟".

هاوکات عەلی قادر نەیشاردەوە: "ئەگەر بێت و ئەو کارە بکرێت، ئەوا بێگومان بیانووە، خۆ ئەگەر نا بەرامبەر بەڕێوەبەرەکانی دیکە چی کراوە و جیا لەوەش هێشتا ئەنجامی دادگا لەسەر ئەو ئاگرکەوتنەوەیە دەرنەکەوتووە، یاساش هەیە و هەر شتێکمان بەرامبەر بکرێت، ئەوا لە دادگای ئیداری هەڵوێستی خۆمان لەڕووی ئیدارییەوە بە کردەیی دەکەین، لەبەر ئەوەی فەرمانبەری حکوومەتین ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر".










باسنيوز
Top