وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیاری کرا
کەمێک لەمەوبەر، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی، بانگھێشتی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی کرد، بۆ دانیشتنی ژمارە (٦)ی ئاسایی ساڵی یەکەم لە خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمان، لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە بەرواری ٢٨ی ٥ی ٢٠١٩.
دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە پێشتر بە فەرمی چەند کەسێک کاندید کراون و ڕێکارەکانی دادگاش لەبارەی کاندیدبوونەکەیان یەکلا بووەتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاندید کردووە و ئەوەش ڕاگەیاندراوە کە بەپێی ڕێککەوتنەکان، نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتی، یەکێتی و گۆڕانە بۆ پۆستەکە.
ئەمەش دەقی بانگھێشتنامەکەیە:
بانگھێشت بۆ گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمانی کوردستان
بەپێی حوکمی بڕگە (سێیەم)ی ماددە (18) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانی ـ عیراق، بڕیارماندا بانگھێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان بکەین بۆ دانیشـتنی ژمارە (6)ی ئاسایی، ســـاڵی یەکەم لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ـ عیراق، لە کاتژمێر (11)ی پێشنیوەرۆ رۆژی سێشەمە رێکەوتی 2019/5/28 دا، تکایە لەکاتـی دیـاریکراودا ئامادەبن.
لەگەڵ رێزدا
ئەمەش بەرنامەی کاری دانیشتنەکەیە کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڵاوی کردووەتەوە:
بەرنامەی کار
بەپێی حوکمی برگەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم) لە ماددەی (١٦) و برگەی (سَییەم) لە ماددەی (١٨) و برگەکانی (یەکەم و پێنجەم) لە ماددەی (٥٤) و ماددەکانی (٤٧، ٥٢، ٥٥، ٥٧،٥٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ـ عێراق، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (٦)ی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی یەکەم لە خولــی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتژمێر (١١)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠١٩/٥/٢٨ بەم شێوەیە بێت:
یەکەم: خستنەڕوو و ھەڵبژاردنی پاڵێوراوەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم، بەپێی حوکمی خاڵی (٥ و ٦)ی بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی (٤) لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٩، (یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان-عێراق و ھەمواری شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسندکردنی دەستوور).
باسنيوز
