هۆکاری قسەکانی ڕاوێژکارەکەی بەرهەم ساڵح لەبارەی ڕیفراندۆم ئاشکرا دەبێت

هۆکاری قسەکانی ڕاوێژکارەکەی بەرهەم ساڵح لەبارەی ڕیفراندۆم ئاشکرا دەبێت
ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کە لە ئەنجامی پەیوەندیی نێوان عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا وەک ڕاوێژکار دانراوە، دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان قسە دەکات

هاوژین عومەر، ڕاوێژکاری بەرهەم ساڵح، لە نووسینێکیدا کە لە ماڵپەڕێکی سەر بە سەرۆکە تازەکەی بڵاوی کردووەتەوە، ڕیفراندۆمی بە (بەڵا) وەسف کردووە، بەو هۆیەشەوە نیگەرانییەکی زۆر لەلایەن سەربەخۆخوازانی کوردستان لە نێو لایەنگرانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانەوە درووست بووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.

لەمبارەیەوە بەختیار حەیدەر، نەقیبی پارێزەرانی کوردستان راگەیاند: ”ھەر کەسێک تانە لە پرسێک بدات کە لە دژی بەرژەوەندیی گشتی بێت، دەچێتە خانەی ئیھانەکردن و جنێودان، بەپێی یاسای سزادانی عێراقیش ئەوە دەچێتە خانەی ئەو پرسەوە و دەتوانرێت بدرێتە دادگا تا رێکاری لەدژ بگیرێتە بەر، چونکە ئیھانەی لە ٪٩٣ی خەڵکی کردووە“.

ڕوونیشی کردەوە، ڕیفراندۆم کارێکی یاسایی بووە و ناکرێت بە هەڕەمەکی قسەی لەسەر بکرێت، ئینجا کەسێک کە دەبێتە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار، دەبێت هاوسەنگی ڕابگرێت و لە قسەکانیدا پەلاماری کەس نەدات، هەروەها ”ناکرێت پۆستەکەی بۆ دژایەتیی پرسی نیشتمانییەکان بەکار بھێنرێت“.

بەختیار حەیدەر جەختی لەوە کردەوە کە داواکاری گشتی دەتوانێت سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو ڕاوێژکارەی بەرهەم ساڵح بجووڵێنێت.

چەند مانگێک لەمەوبەر عەلی باپیر سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆبووەوە، بڕیار درا لە بەرامبەر پشتیوانیکردنی بەردەوامی عەلی باپیر لە باڵێکی یەکێتی، کادیرێکی حزبەکەی وەک ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ دابمەزرێندرێت.

هەر بەهۆی ئەو ڕێککەوتنە، عەلی باپیر بڕیاری دانانی هاوژین عومەری لە پۆستەکە داوە کە بە لاوازترین کادیری حزبەکەی ناسراوە و لەنێو جەماوەری کۆمەڵدا هیچ پشتیوانییەکی ئەوتۆی نییە.

زانیویەتی کە بەشێک لەو کەسانەی کە لە نێو کۆمەڵدا دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، لەوە نیگەران بوون کە عەلی باپیر کەسێکی لە پۆستەکەی پشکی کۆمەڵ لە بەغدا داناوە کە لاوازە و لە بچووکترین بارودۆخدا لە پێناو مانەوەی لە پۆستەکەی، ئەگەری ئەنجامدانی هەر کارێکی هەیە.
Top