"زیاتر لە پەنجا کۆمپانیای دیکەی بازرگانی تۆمار کراون"
نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ کەرتی بازرگانی بەگشتی گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و بەراورد ناکرێت لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، ھەر بەھۆی گەشەی ئابوورییەوە تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە پەنجا کۆمپانیای نوێ بۆ مەبەستی بازرگانی ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ئەمە لە کاتێدایە ساڵی ڕابردوو لە چوار مانگی یەکەمدا تەنیا ٢٠ کۆمپانیا تۆمار کراون."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی: "قەبارەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر زۆر بەرەو پێشەوە چووە و لەگەڵ ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا گەیشتووەتە ھەژدە ملیار دۆلار، چونکە ڕۆژانە کەلوپەل و بەرھەمی زۆر لەو وڵاتانەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و بەشێکی ئەو بەرھەمەش لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەچێت."
نەوزاد ئەدھەم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەھۆی کارئاسانی لە خاڵە نێودەوڵەتییەکانی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمپانیای عێراقیش ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، لەبەر ئەوەی لە سنوورەکانی عێراقەوە ماوەیەکی زۆری پێ دەچێت تا بەرھەمی بازرگانان ھاوردەی نێو عێراق دەکرێت، بەپێچەوانەوە لە ھەرێمی کوردستانەوە تەنیا یەک ڕۆژیشی پێ ناچێت و ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکرێت."
kdp-
