ڕێبوار ھادی: ئەمساڵ ھەڵبژاردن لە عێراق ناکرێت، یاساکە ھەموار دەکرێتەوە
ڕێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەگوێرەی ماددەی ٤٤ی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ڕابردوو، دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەبێ بە ڕێککەوتن بێت لە نێوان حکوومەت و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا، پێشتر ھەردوولا گەیشتبوونە ڕێککەوتن کە لە کۆتاییی ئەمساڵدا پڕۆسەکە بەڕێوە بچێت، بەڵام بە مەرجێک پەرلەمان تا کۆتاییی مانگی نیسان یاسای ھەڵبژاردنەکان ھەموار بکاتەوە."
سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پەرلەمان نەیتوانی لە کاتی خۆیدا یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکاتەوە، پێنجشەممەی ڕابردوو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بڕیارە دوای جەژن خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دواتر بخرێتە دەنگدانەوە."
ڕێبوار ھادی دەشڵێت: "ھۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، لیژنەی یاسایی پێشنیاری خۆی ھەبوو لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان، بەڵام لە ١٠ی نیسان نووسراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گەیشتە پەرلەمان و داوای ڕاگرتنی یاساکەیان کرد تا پێشنیارەکانی حکوومەتیش دەگاتە پەرلەمان، بەداخەوە پێشنیارەکانی حکوومەت لە مانگی ئایاردا گەیشت و وادەی کۆمسیۆن بەسەرچووبوو، لەبەر ئەوەش، نەتوانرا لە کاتی خۆیدا پەسەند بکرێت."
ڕێبوار ھادی ڕوونی کردەوە: "ئێمە تا دوای جەژن یاساکە ھەموار دەکەینەوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە، بەڵام ئەمساڵ بە ھیچ شێوەیەک ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوە ناچێت، لەبەر ئەوەی دوای پەسەندکردنی یاساکەش کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان پێویستیان بە کاتە بۆ خۆئامادەکردن تا پڕۆسەکە بەڕێوە ببەن."
kdp-
