وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئاشکرا کرا
دادگای تەمیز، کۆتایی بە سەیرکردنی تانەکانی پەیوەندیدار بە کاندیدانی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێناوە و سبەی یەکشەممە دەرئەنجامەکەی بە پەرلەمانی کوردستان دەدات.
لەلایەن خۆیەوە ئۆمێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند: ”ھەموو ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کراوە، ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە، ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت“.
لەبارەی ڕێکارە یاسایی و سیاسییەکانیشەوە، ڕوونی کردەوە: ”ھیچ ڕێکارێکی سیاسی و یاسایی نەماوە تەنھا چاوەڕێ دەکەین دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بانگێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”رۆژی سێشەممە یان چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت“.
لە بارەی رێورەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە، ئۆمێد خۆشناو گوتی: ”کاتەکەی دیار نییە، بەڵام مەراسیمی تایبەتی بۆ ئەنجام دەدرێت کە نوێنەر و بەرپرسانی باڵا بانگهێشت دەکرێن“.
پێشتر زیاتر لە سەرچاوەیەک ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەست بەکار دەبێت.
باسنيوز
