پۆلیسی ڕاپەڕین: لە قەڵادزێ دوو ئافرەت سووتان
ئەمڕۆ شەممە 25/5/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "کاتژمێر 3 و 30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ژنێک بەناوی (س، ع، م ) لەدایکبووی ساڵی 1986 پیشەی ژنی ماڵ، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی ڕاپەڕین بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ، کە لە گەرماو (حەمام) بە ئاگر سووتاوە و تا ئێستاش ھۆکارەکەی نادیارە، بە گوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکی بێت، ڕێژەی سووتاوییەکەی 80%یە و بەھۆی سەختیی برینەکەشی بەڕێکراوە بۆ سلێمانی، ئافرەتەکەش دایکی 3 منداڵە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، کە لەسەر سکاڵای کەسوکاری ژنەکە، دادوەر بڕیاری دا بە ڕاگیرکردنی ھاوسەری (س، ع، م )، ھەروەھا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".
پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لەلایەکی دیکەوە کاتژمێر 4 و 30 خولەکی ئێوارەی دوێنی ھەینی 24/5/2019، کچێک بەناوی (ب، م، ر ) لەدایکبووی ساڵی 2002 پیشەی کچی ماڵ و دانیشتووی گوندی (گرتک) سەر بە شارەدێی سەنگەسەر، بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ، کە بە گوتەی خۆی لەکاتی ئامادەکردنی خواردن بەھۆی گڕگرتنی بتڵی غاز سووتاوە، بەڵام سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بەھۆی سەختیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەست دا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".
باسنيوز
