شێخ جەعفەر: بەبێ پێشمەرگە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان سەقامگیر نابێت
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی بەپێویستی زانی حکوومەتی عێراق ”بەپەلە“ لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بێتە دەنگ.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا هەروەها رایگەیاند، بەبێ ھێزی پێشمەرگە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی ناکرێتەوە، ”سوپای عێراق بەتەنیا ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکات“.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێویستە و گرنگە حکوومەتی عێراق بەپەلە لەسەر ناوچە کوردستانییەکان بێتە سەرخەت و لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە ھەماھەنگی بکا، چونکە ”ئەو شوێنانە جێگای مەترسین، ناکرێت بۆشایی جێبھێڵدرێت بۆ گروپە توندرەوەکان“.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەختی لەوە کردەوە، کە دۆخی ناوچەکە باش نییە و تادێت لە خانەقین و قەرەتەپە و ناوچەکانی دیکە بارودۆخەکە خراپ دەبێت، ”حەشدی شەعبی و رێکخراوی تیرۆریستی داعش و گروپە توندرەوەکان دەستیان بە یاریەکی ترسناک کردووە“.
بەهۆی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، ئەو ناوچە کوردستانییانە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و لەو کاتەشەوە داعش دەستی بە جموجۆڵ و کردە تیرۆریستییەکان لە دژی گەلی کورد، کردووەتەوە.
باسنيوز
