لە حاجیاوا دوو كەس بە تۆمەتی دزیكردن لە مزگەوت دەستگیر كران
لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانیە، دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە مزگەوت دەستگیر کران. ھێزەكانی پۆلیس ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە دەرگای مزگەوتیان دزیوە و ددانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی هەواڵدەرێک سەردانی بنکەی پۆلیسی ماکۆکی کرد لە ناحیەی حاجیاوا و رایگەیاند، کە دزیی لە مزگەوتی گۆڕستانی گشتی حاجیاوا کراوە، دەرگاکانی مزگەوتەکە و هەندێک کەلوپەلی ئاسنی مزگەوتەکە لێ کراونەتەوە. دەستبەجێ رێکاری یاسایی گیرایەبەر و مەلەفی لێکۆڵنەوە کرایەوە و بڕیاری دادوەر بەدەست هات بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران".
پۆلیسی راپەڕین، ئاماژەی بەوە كردووە: "دوای هەوڵدان و بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک، دوو کەس دەستگیرکران، کە هەردووکیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە و لە رەگەزی نێرن و دانیشتووی ناحیەی حاجیاوان، لە بەردەمی پۆلیس و دادگا ددانیان ناوە بە تاوانەکەیان، کە هەستاون بە لێکردنەوەی دەرگاکانی مزگەوتی گشتیی گۆڕستانی حاجیاوا و هەندێک کەلوپەلی ئاسنیان بردووە و دواتر فرۆشتویانە".
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە: "هەردوو تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی، راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".
K24-
