لهماوهی 3 رۆژ زیاتر له 100 دۆنم زهوی كشتوكاڵی له سنووری كهركووك سووتێنراون
له ماوهی سێ ڕۆژدا لە سنوری کەرکوك، زیاتر لە 100 دۆنم زەوی کشتوکاڵی سوتێنراوە و هێشتا هێزە ئەمنیەکان هیچ کەسێکیان دەستگیرنەکردووە، ئەو دەغڵ و دانەوێڵانەی کە دەسوتێنرێن، هی جوتیارانی کوردن، بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژئاوای کەرکوك، هەندێك لە جوتیارەکان دەڵێن: عەرەبە هاوردەکان پێشووتر هەڕەشەی سوتاندنی دەغڵ ودانەوێڵەکانیان لێی کردووین و سکاڵامان کردووە، بەڵام تا ئێستا کەسیان دەستگیرنەکراون.
وهك جووتیارانی كورد له سنووری پارێزگای كهركووك باسی لێوه دهكهن، هەرچی دەغڵ و بەرهەمی ماندووبونی کورد هەیە لەسنووری ناوچە کوردستانیەكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم بهتایبەتیش کەرکوك، لەبەردەم دوو هەڕەشەیە، یان سووتاندن یانیش دەبێت نیوە بەنیوە لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان، بەروبومەکانیان بەش بکەن.
تا ئێستا زیاتر لە 30 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری کەرکوك و دەروبەری ڕوویانداوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە عەرەبە هاوردەکان دووبارە بۆی گەڕاونەتەوە، بهمهش چیتر ئهو زهویانه شوێنێکی ئارام نین بۆ جووتیارانی کورد.
ههرچهند پۆلیسی کەرکوک دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە لە ڕووداوەکان، بەڵام تاکو ئێستا هیچ كهسێك به تۆمهتی سووتاندنی زهوییه كشتووكاڵییهكانی جووتیارانی كورد دەستگیر نەکردووە. لهلایهكی دیكهشهوه جوتیارەکان هانایان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بردووه و یاداشتێکيان ئاڕاستەی ئیدارەی شارەکە کردووه.
سوتاندنی دەغڵ و دانی کورد لە کاتێکدایە، جوتیاران چاوەڕوانی ئەوەن بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی ساڵێکیان بدوورنەوە، بەڵام بوونی هێز و دەسەڵات لای عەرەبە هاوردەکان, خەریکە ئەمە پێچەوانە دەکاتەوە.
k24-
