مەریوان نەقشبەندی: ١٥٠ چەکداری کوردی نێو داعش خۆیان ڕادەستی ھەرێم کردووەتەوە
مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای ھاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا خەڵکێک لە ھەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان بەو گرووپەوە کرد و ژمارەی کوردانی ھەرێمی کوردستان لەنێو داعش گەیشتە ٥٠٠ کەس، بەڵام دوای دوو ساڵی یەکەم، پەیوەندیکردن بە داعشەوە بەرەو کەمبوونەوە و دواتر نەمان چوو، زۆربەی ئەو کوردانەی لەنێو داعش بوون کوژراون و بەپێی ئاماری بەردەستی ئێمە نزیکەی ٣٥٠ چەکداری کوردی نێو داعش کوژراون."
بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف، کە پێشتر ئەندامی لیژنەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕۆیی بوو، دەڵێت: "لەو کوردانەی لەنێو داعش نەکوژرابوون، بەشێکی زۆریان خۆیان ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان کردەوە، کە ژمارەیان ١٥٠ کەسێک دەبوو، بەپێی یاسا مامەلەیان لەگەڵ دەکرێت."
لەبارەی ئەو داعشە کوردانەی ماون، نەقشبەندی گوتی: "چەکداری کورد لەنێو داعش نەماوە، لەبەر ئەوەی دوای شکستی داعش لە باغۆز و ناوچەکانی دیکەی سووریا ھیچ کوردێک دەستگیر نەکراوە کە لەگەڵ چەکدارانی داعش بووبێت، ھەتا لەو ٩٠٠ چەکدارەی ڕادەستی عێراق کراونەتەوە ھیچ کوردێکیان تێدا نییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کورد لەنێو داعش نەماوە."
بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ژمارەی ئەو کوردانەی لە سووریا لەنێو ڕیزەکانی داعش مابوون، ھەمووی ٢٠ چەکدارێک دەبێت، بەڵام زانیاری ھەیە ئەوانە داعشیان بەجێ ھێشتووە و لە سووریا پەیوەندییان بە گرووپی بەرەی نوسرەوە کردووە، ئەوەش بە گوتەی خێزانە داعشەکان."
پەیوەست بەو لیژنەیەی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و بەگژداچوونەوەی بیری توندڕۆیی پێک ھاتبوو، مەریوان نەقشبەندی گوتی: "لیژنەکە بە ھاوبەشی لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدڕاڵدا پێک ھاتبوو، بەڵام ئێمە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتاڕاپۆرتی خۆمان وەک لیژنە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی عێراق کرد و کۆتاییمان بە کارەکانمان ھێنا، بەتایبەتی مەلەفی کوردانی نێو داعش داخراوە و شتێک نەماوە بەو ناوەوە."
kdp-
