پەرلەمانتارێکی گۆڕان: زەوییەکی ٢٠ ملیۆن دۆلاری بەبێ تەندەر بە کەسێکی تاڵەبانی دراوە

پەرلەمانتارێکی گۆڕان: زەوییەکی ٢٠ ملیۆن دۆلاری بەبێ تەندەر بە کەسێکی تاڵەبانی دراوە
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بە بڕیاری جێگری سەرۆکی حکوومەت، “تاڵانکاری لە گەرمیان دەکرێت”. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە زەوییەک بەهاکەی ٢٠ ملیۆن دۆلارە و بەبێ ئەوەی تەندەری بۆ بکرێت، بە کەسێکی تاڵەبانی دراوە.

ڕزگار محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕايگەیاند: ”ئەوەی لە گەرمیان ڕوودەدات، کارەساتە نەک خزمەتکردن، ئێمە ئاگاداری چەندین شتین کە دەکرێن، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەو دۆخە بەرپرسە، ئەوەی فەرمان بە ئەوان دەکات، قوباد تاڵەبانییە، ھەر کاتێک ئێمە دەچین و قسە لەسەر بابەتەکان دەکەین، پێمان دەڵێن ئێمە بڕیاری قوباد تاڵەبانیمان بۆ ھاتووە و لایەنی جێبەجێکارین، واتە قوباد تاڵەبانی لە پشتی ئەم کارانەیە و ھەر ئەوە ئیدارەی ئەم زۆنە دەکات“.

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان کە خۆی خەڵکی کەلارە، ڕوونتر باسی لە کەموکوڕییەکانی دەڤەرەکە کرد و گوتی: “زەوییەکی سێ ھەزار و ٤٠٠ مەتری لە ناوجەرگەی کەلار کە سەنتەری شارە و قوتابخانەی لەیلا قاسمی تێدایە، بە بێ تەندەر و دوور لە چاوی میدیا، دراوە بە کەسێکی تاڵەبانی، زەوییەکە نرخەکەی ٢٠ میلۆن دۆلارە، لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو زەوییە، کەسە تاڵەبانییەکە گوایە گوتوویەتی قوتابخانەیەک و بەرزە پردێک دروست دەکەم، بەڵام ئەو دوو پرۆژەیە کۆی گشتیی تێچووەکەی ٥ ملیۆن دۆلار تێناپەڕێنێت، ئەی ١٥ ملیۆن دۆلارەکەی دیکە چی لێ دێت و بۆ کوێ دەچێت؟“.

رزگار محەمەد جەختی کردەوە کە داوایان لە ئیدارەی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگا کردووە، رێگری لەم کارە بکەن، “ئەگینا ئێمە هێزی مرۆیی بۆ ڕێگەگرتنی بەکار دێنین، چونکە ئەوە مافی خەڵکە و نابێ بەھەدەر بدرێت”. گوتیشی: “لەگەڵ دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە گەرمیانین، بەدواداچوون لەسەر بابەتەکە دەکەین، سەردانی سەرۆکی شارەوانیی کەلارمان کرد، بەڵام بێ ئاگایی خۆی ڕاگەیاند، ھەرچی بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی گەرمیانیشە بووەتە پارێزەری حزب و کۆمپانیاکانی یەکێتی و خۆم قسەم لەگەڵ کرد، کەچی دەڵێت نووسراوی قوباد تاڵەبانیم بۆ ھاتووە و لایەنی جێبەجێکارم“.










باسنيوز
Top