لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیر کرا

لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیر کرا
ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد، کە 12 فەرمانی دەستگیرکردنی ھەیە و لەچەند بنکەیەکی پۆلیس داوا کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22/5/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر تۆمەتبارێکی ھەڵاتوو دەست پێ کرد و دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، توانرا ئەمڕۆ تۆمەتبار دەستگیر بکرێت".

پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەش کردووە، ئەو تۆمەتبارە چەندین فەرمانی دەستگیرکردنی ھەبووە، بەپێی ماددەکانی 452، 453 و 456 لەیاسای سزادانی عێراقی بە جۆرێک کە:

- لە ھەولێر و شەقڵاوە شەش فەرمانی دەستگیرکردنی ھەبووە.
- لە چەند بنکەیەکی سلێمانی پێنج فەرمانی دەستگیرکردنی ھەبووە.
- لە کۆیە یەک فەرمانی دەستگیرکردنی ھەبووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: "تۆمەتبارەکە ناوی (ڕ، ن، ف)ە، ئێستا بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە، کە فێڵی لە ھاووڵاتییان کردووە و بەفێڵ پارەی لەژمارەیەک ھاووڵاتی سەندووە و ھەڵاتووە".

پۆلیسی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتییان دەکات، ھەر کەسێک سکاڵای ھەیە لەسەر تۆمەتبار، دەتوانێت سکاڵاکەی لە نزیکترین بنکە لە شوێنی نیشتەجێبوونییەوە، تۆمار بکات.










باسنيوز
Top