سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق: هه‌ركاتێك گه‌رووی هورمز داخرا جێگره‌وه‌ی دیكه‌مان هه‌یه
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، عێراق جێگره‌وه‌ی ستراتیژی دیكه‌ی داناوه، بۆ ئه‌و كاته‌ی كه له ئه‌نجامی گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن گه‌رووی هورمز داده‌خرێت و گوتیشی: بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامی و ئه‌مه‌ریكا، دوو شاندی جیاوازمان ره‌وانه‌ی تاران و واشنتن كردووه.
عه‌بدولمه‌هدی له میانه‌ی گوتاری هه‌فتانه‌یدا گوتی: "عێراق له قۆناخی ئاڵوگۆڕكردنی نامه و په‌یامه‌كانه له نێوان واشنتن و تاران، هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه هێور ببێته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له ئه‌گه‌ری داخستنی گه‌رووی هورمز به‌غدا چه‌ند جێگره‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ستراتیژی بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی داناوه" و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و توركیا كرده‌وه، كه دووه‌م رێڕه‌وی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراقن بۆ گه‌یشتن به بازاڕی وزه‌ی جیهانی.
له ئه‌نجامی ئه‌و سزا ئابووریانه‌ی به‌م دواییانه ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئێرانی‌دا سه‌پاندووه، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه گرژی نێوان واشنتن و تاران زیاتر بوونه و به‌و ئاسته گه‌یشتووه، ئه‌مه‌ریكا كه‌شتیگه‌لێكی فڕۆكه‌هه‌ڵگری جه‌نگی ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی كه‌نداو بكات.
پێشتریش چه‌ندین جار ئێران له‌سه‌ر زاری به‌رپرسه باڵا سیاسی و سه‌ربازییه‌كانییه‌وه به‌ڵێنیداوه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هه‌نارده‌ی ته‌واوه‌تی نه‌وتی ئێران رابگرێت، ئه‌وا له رێگه‌ی داخستنی گه‌رووی هورمزه‌وه رێگه ناده‌ن هیچ وڵاتێكی كه‌نداو نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان بكه‌ن.
k24-
