سیاسەتمەدارێکی کورد: پێویستە عێراق و ھەرێم نەبنە لایەنگر لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا

سیاسەتمەدارێکی کورد: پێویستە عێراق و ھەرێم نەبنە لایەنگر لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا
سیاسەتمەدارێکی کورد گوتی، پێویستە ھەرێمی کوردستان و عێراق نەبنە لایەنگر لە ناکۆکییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا و ڕێگەش نەدرێت عێراق و ھەرێم ببنە گۆڕەپانی شەڕی ئەو دوو وڵاتە، چونکە پەیوەندییان لەگەڵ ھەردوو وڵات باشە و پێویستە ڕۆڵی ناوبژیوان ببینن.



د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە عێراق و ھەرێمی کوردستان نەبنە لایەنگر لە ناکۆکیی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا، چونکە ھەرشتێک بێت، زیان بە عێراق و ھەرێم دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە ڕۆڵی ناوبژیوان ببینن بۆ ئەوەی ھیچ شەڕێک ڕوو نەدات و ھەوڵ بۆ ئاشتی بدرێت، چونکە ئاشتی باشترین شتە بۆ چارەسەری ھەموو کێشەکان."



د. مەحموود عوسمان گوتیشی: "عێراق و ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران ھەیە و، دەبێ ڕێگە نەدرێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ھەوڵ بدەن باڵانسێک ڕابگرن و نەبنە لایەنگری ھیچ لایەنێک، لەبەر ئەوەی ھەر شەڕێک بکرێت، زیان بە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دەگات، بۆیە باشترین شت ئەوەیە عێراق و ھەرێم ڕێگە نەدەن شەڕ ڕوو بدات."


kdp-
Top