جەماوەری خانەقین دوا مۆڵەت دەدەنە حکوومەتی عێراق

جەماوەری خانەقین دوا مۆڵەت دەدەنە حکوومەتی عێراق
خەڵکی خانەقین لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە بە مەبەستی رێگری لە تەعریب و داگیرکردنی گوندەکان و سووتانی گەنم و جۆی جووتیارە کوردەکان، ھانا بۆ پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دێنن.

عەدنان مەنسوور سەرۆکی لیژنەی مادەی١٤٠لەمبارەوە رايگەیاند: "وەک نوێنەری خانەقینییەکان یاداشتێکمان داوەتە پەرلەمانی کوردستان".

بەپێی ناوەرۆکی یاداشتەکەیان دوا وادەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان رۆژی پێنجشەممە٢٣ی٥ی٢٠١٩یە، ئەگەر نا ھەڵوێستی جدییان دەبێت.

لە یاداشتی خانەقینییەکاندا ھاتووە دوای رووداوەکانی١٦ی ئۆکتۆبەر ٧٨ ھاووڵاتی لە سنوورەکە شەھید بوون و زیاتر لە٦٠ تەقینەوەش لە خانەقین روویان داوە.

لەبارەی دۆخی خانەقینش عەدنان مەنسوور دەڵێت: "تا دێت دۆخی ئەمنیی خانەقین بەرەو خراپتر دەڕوات و شەوان داعش لە خانەقین دەسووڕێتەوە".

داواکاریی سەرەکیی ئەوان گەڕانەوەی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی مادەی١٤٠ە.

لەبارەی سووتاندنی گەنم و جۆی جووتیاران، ئەو نوێنەرەی خانەقین گوتیشی: "شەوانە گەنم و جۆی جووتیاران دەسووتێنرێت و زیانی مادیی زۆریش بە خەڵک دەکەوێت و ئەوان گلەیی لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەن کە ناتوانن رێگری لە تەعریبکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان بکەن".










باسنيوز
Top