مەخموور.. دوورینەوەی گەنم و جۆی جووتیاران ڕاگیرا

مەخموور.. دوورینەوەی گەنم و جۆی جووتیاران ڕاگیرا
لەسەر داواکاریی ھێزە عێراقییەکان دوورینەوەی گەنمی جووتیارانی کورد ڕاگیرا و ھۆکارەکەشی بۆ داواکاریی عەرەبەکان بووە کە داوای پشکی گەنم و جۆ دەکەن.

دەشتی دزەیی، وەک نوێنەری گوندەکانی سنوری مەخموور رايگەیاند: "دوێنێ دووشەممە ٢٠ی٥ی٢٠١٩ لە بارەگای ھێزە عێراقییەکان لە مەخموور کۆ بووینەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانمان، بەڵام بەھۆی پێداگریی عەرەبە ھاوردەکان کە داوای پشک دەکەن، ئێمە رەتمان کردەوە ھیچ پشکێکیان بدەینێ و فەرماندەی ھێزە عێراقییەکانیش بریاری دا بە راگرتنی دوورینەوەی گەنمەکان تا چارەسەریی کێشەکە".

نوێنەری جووتیاران گوتیشی: "ئەم ڕاگرتنە مەترسیی بۆ سەر بەرھەمی گەنم دەبێت و ئێمە ھیچ پشکێک نادەین بە عەرەبە ھاوردەکان".

ئەو جووتیارانە بە مەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان ھاتوونەتە پەرلەمانی کوردستان.

ماوەیەکە لە سنووری مەخموور، قەزا و ناحییەکانی سەر بە پارێزگای کەرکووک و قەزای خانەقین و جەلەولا و دەوروبەری و بەگشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، عەرەبە هاوردەکان بە زەبری هێز و بە هاوکاریی هێندێ لیوای سەر بە سوپای عێراق و شەوانە بەناوی داعشەوە هەڵدەکوتنە سەر زەوی و زار و دەغڵودانی جووتیارانی کورد و جیا لە دوورینەوە و بەتاڵانبردنی، ئاگریان لە سەدان دۆنم زەوی و زار و دەغڵودان بەر داوە و ناڕەزایی زۆری جووتیارانی کوردی لێ کەوتووەتەوە.










باسنيوز
Top