بڕیاری حکوومەت بۆ گەڕاندنەوەی قیستی چەند پێشینەیەک

 بڕیاری حکوومەت بۆ گەڕاندنەوەی قیستی چەند پێشینەیەک
پەیوەست بە گەڕاندنەوەی قیستی قەرزەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی و قەرزی بچووکی لاوان بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی روونکردنەوە دەدات.

عەبدولقادرعوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان، کە سەر بە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانە، راگەیاند، گەڕاندنەوەی قیستی قەرزی جووتیاران بۆ ساڵی داھاتوو دواخراوە، گوتی: «بەھۆی قەیرانی دارایی و نەدانی پارەی جووتیاران لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، چەند ساڵێکە وەرگرتنەوەی قەرزی بانکی کشتوکاڵی، کە جووتیاران وەریانگرتووە، راگیراوە، بڕیاری تازەش ئەوەیە، تاوەکوو ساڵی داھاتوو قەرزەکە وەرناگیرێتەوە».

بۆ قەرزی کشتوکاڵی 193 ملیار و 818 ملیۆن دینار، بە نزیکەی 9 ھەزار کەس دراوە.

روونیشی کردەوە، لەپاڵ قەرزی کشتوکاڵی قەرزی پیشەسازییش دراوە، بەڵام ئەو قەرزە وەردەگیرێتەوە و دوانەخراوە.

زیاتر لە 43 ملیار و 685 ملیۆن دینار وەک قەرزی پیشەسازی بە 135 پڕۆژە دراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان گوتیشی: «قەرزی پیشەسازی وەکوو قەرزی خانووبەرە نییە، خەڵکێکی کەم وەریگرتووە، بە تایبەت بۆ دامەزراندنی کارگە و ھێنانی ئامێری پیشەسازی، بۆیە لێیان وەردەگیرێتەوە».

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە 6 ملیار دۆلاری لە رێگەی پێشینەکانی خانووبەرە، نیشتەجێبوون و ھاوسەرگیری و قەرزی بچووک و قەرزی کشتوکاڵی و پیشەسازی داوەتە زیاتر لە 620 ھەزار کەس، بەشی زۆری ئەو پارانەش نەگەڕێندراونەتەوە.

عەبدولقادرعوسمان، جەختی کردەوە، حکوومەت بەپێی داھاتی خۆی ھەوڵی خۆی دەدات دووبارە دەرگای پێشینەکان بکاتەوە.

لای خۆیەوە ھەژار ئیسماعیل، بەرپرسی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی قەرزی بچووک بە (باس)ی راگەیاند، دەست کراوە بە وەرگرتنەوەی قیستی قەرزی بچووکی لاوان، گوتی: «لە سااڵی 2016وە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە راگیرابوو، ئێستا دوو مانگە بەھۆی باشبوونی دۆخی دارایی دەستمان کردووە بە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە».

روونیشی کردەوە، قیستی قەرزی ئەو چەند ساڵەی وەستاوە بەسەر یەکەوە وەرناگرنەوە، بەڵکوو قیستی ساڵی 2016 لە ساڵی 2019 وەردەگرنەوە.

8 ھەزار و 136 کەس لە قەرزی بچووک سوودمەند بوونە، قەرزەکەش لەنێوان یەک ملیۆن تاوەکوو 15 ملیۆن دینار بووە بۆ ھەر کەسێک.






باسنیوز
Top