فراكسیۆنی پارتی: ئەمڕۆ كێشە هەستیارەكانی كەركووك لەگەڵ سەرۆكوەزیران باس دەكەین

	 فراكسیۆنی پارتی: ئەمڕۆ كێشە هەستیارەكانی كەركووك لەگەڵ سەرۆكوەزیران باس دەكەین
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبینەوە و سەرجەم كێشەكانی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی لەگەڵ باس دەكەین.

بڕیارە ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش راگەیاند، لەسەر خواستی ناوبراوە و پێشتریش لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی دیكەی ئەنجوومەنەكە كۆبووەتەوە.

دكتۆر ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەمڕۆ كاتژمێر ١٢ لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبنەوە، هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد، چەندین بابەتی گرینگیان هەیە، كە لەگەڵ ناوبراودا بیخەنە بەر باس.

ناوبراو روونیشی كردەوە، كە بابەتی هەستیار هەن، وەك تەعریبكردنی كەركووك و بابەتی دەركردنی جووتیارە كوردەكان لەسەر زەویوزاری خۆیان لە ناوچەكانی خورماتوو و خانەقین و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەیشی گوت، كە لەگەڵ دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێكەوە بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە دەكەن.
kdp-
Top