سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین بەڵێنی بە فراکسیۆنەکانی کورد دا

	 سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین بەڵێنی بە فراکسیۆنەکانی کورد دا
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ لەبارەی کۆمەڵێک پرسەوە، فراکسیۆنەکانی کورد لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆ بوونەوە و سەرۆکوەزیرانیش کۆمەڵێک بەڵێنی پێ داون و جێبەجێیان دەکات، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا مزگێنیی خۆش بە خەڵکی کوردستان دەدەن.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەشیر خەلیل حەداد، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە کێشەی کوردەکانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان کرد و داوامان کرد ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و ڕێکاری بۆ دابنرێت و حکوومەت بێتە سەر خەت بۆ ئەوەی ھیچ فیتنەیەکی لێ نەکەوێتەوە."

د. بەشیر خەلیل حەداد گوتی: "باس لەوەش کرا کە ئەو کارانەی پارێزگار دەیانکات پێچەوانەی یاسان و ئەوانە کاری ئەو نین و پێویستە ڕێگریی لێ بکرێت، چونکە ناکرێ بەو شێوەیە بەردەوام بێت و پێویستە کێشەکان لە نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن."

د. بەشیر خەلیل حەداد باسی لەوەش کرد: "ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران بەڵێنی دا بە ھەر شێوەیەک بێت پارەی گەنمی جووتیاران خەرج بکات، ئینجا بە وەجبە بێت، یان ھەمووی پێکەوە بێت. ئێمەش بەدوایدا دەچین بۆ ئەوەی خەرج بکرێت. جگە لەوەش، بەڵێنی دا ئەو بڕە گەنمەی دیاری کراوە لە جووتیاران وەربگیرێت، بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراقیش زیاتر بکرێت و داواشمان کرد، ئەوانەی بەھۆی لافاو و بارانەوە زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو بکرێنەوە. وەڵامەکانی سەرۆکوەزیرانیش ھەموویان ئیجابی بوون و بڕیاریش درا کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا مزیگێنیی خۆش دەدەینە خەڵکی کوردستان."


kdp-
Top