شێرکۆ میروەیس: وا بڕوات دۆخی ئەمنیی خانەقین دەتەقێتەوە

شێرکۆ میروەیس: وا بڕوات دۆخی ئەمنیی خانەقین دەتەقێتەوە
پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دۆخی خانەقین ڕای گەیاند دۆخی ئەمنی خانەقین ناجێگیرە و ئەگەر ئاوا بڕوات، دۆخەکە دەتەقێتەوە و پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و پارێزگاری لە ھاووڵاتییانی کورد بکەن.

شێرکۆ میروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: "دۆخی ئەمنیی خانەقین و ناوچە کێشە کوردستانییەکان زۆر ناجێگیر و ناسەقامگیرە و ھەرچەندە ڕۆژ بە ڕۆژ ئێمە لەڕووی دیموکراسی و ئیدارییەوە و حزوورمان بۆ ئایندە لە پاشکەشێی گەورە داین بۆیە تیرۆریستان و ھەندێکجار دەستی نادیار بە شێوازی جۆراوجۆر دەکەونە گیانی ھاووڵاتییانی کوردەوە".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: "ئێستا لەم وەرزەدا وەرزی دروێنەیە و لە ھەندێک شوێن دەست بەسەر زەوی و زاری ھاووڵاتیانی کورددا گیراوە و خەڵکی دیکە بە زۆرداری بەڕێوەی دەبات، ھەروەھا لە ناوچەیەکی وەکوو خانەقین سەدان دۆنم زەوی و دەغڵودانی ھاووڵاتییانی کورد سووتێندراوە و ھەفتەی ڕابرسوو چوار ھاووڵاتی شەھید کراون کە یەکێک لە شەھیدەکان مامۆستا بووە، بۆیە ئەم ڕووداوانەی خانەقین و ناوچە کێشە لەسەرەکان تاوەکوو دێت گەورەتر دەبێت، چونکە دۆخەکە ئاڵۆزە و پێم وایە ئەگەر ئاوا بڕوات، دۆخەکە دەتەقێتەوە.

ئاماژەی بەش دا، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەگشتی ئەو پرسانە بە پرسی نیشتمانی دەزانین و ھەموومان بەیانی ھاوبەشمان ھەبووە و ئیدانەی ئەو ھێرشانەمان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا داوامان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات، بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەک بدۆزێتەوە و بتوانین پێکەوە ئیرادەی ئەو ناوچانە بدەین".

شێرکۆ میروەیس، باسی لەوەش کرد: "ئەو کەسانەی کە دەغڵودانی ھاووڵاتییانی کورد دەستووتێنن، یان دەستدرێژی دەکەنە سەر ژیانی ھاووڵاتییان چەکدارانی داعشن، بەڵام دەستی نادیاریش ئەو کارانە دەکات، بۆیە پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و پارێزگاری لە ھاووڵاتییانی کورد بکات".











باسنيوز
Top