لە گەرمیان وەرزی دروێنەكردن دەستی پێكرد
شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان، ڕايگەیاند: "ئەمساڵ بەهۆی ئەو گۆڕانەی بەسەر كەشوهەوای سنوورەكەدا هات و بارانی زیاتر، وەرزی دروێنەكردنی دانەوێڵەی گەنم و جۆ ببۆ ماوەیەك دوا كەوت، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی چەند ڕۆژێكە جووتیارانی سنوورەكە دەستیان كردووە بە دروێنەكردنی بەرهەمەكانیان".
گوتیشی "لیژنەی دیاریكردنی نرخ لە ئیدارەی گەرمیان كۆبووەتەوە و نرخی كاتژمێرەكانی دروێنەكردنی لە سنووری گەرمیان دیاری كردووە كە بڕی 30 هەزار دینار بۆ یەك كاتژمێر لە ناوچە نزیكەكان و 35 هەزار دیناریش بۆ یەك كاتژمێر لە ناوچە دوورە دەستەكان دیاری کراوە".
ئاماژەی بەوەش دا "بۆ ئەمساڵی 2019، 4 هەزار و 607 جووتیار لە سنووری گەرمیان بەرهەمیان هەیە و ڕووبەری زەویی چێندراو بە گەنم 220 هەزار و 372 دۆنمە و پێشبینی دەكەین 126 هەزار و 350 تۆن گەنم بەرهەم بهێنرێت، داواشمان لە حكوومەتی عێراق كردووە لە 25/5/2019 ەوە لە گەرمیان دەست بكرێت بە وەرگرتنی گەنم بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە".
ڕوونیشی كردەوە "حكوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ پشكی گەنمی هەرێمی كوردستانی بە 340 هەزار تۆن دیاری كردووە، لەو ژمارەیەش تەنها 28 تۆنی بەر گەرمیان دەكەوێت، تا ئێستاش نرخی وەرگرتنی گەنم دیاری نەكراوە".
باسنيوز
