شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات
ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "بڕیارە سبەی شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بۆ بەدواداچوونی كێشەی پارەی گەنمی جوتیاران و ئەو كێشانەی كە ئێستا جوتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان رووبەرووی بوونەتەوە، لە داگیركردنی زەوییەكانیان و دروێنەكردنی بەرھەمەكانیان و سووتاندنی دەغڵ و دانیان".
حكوومەتی عێراق پارەی گەنمی سێ ساڵی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان قەرزدارە و چەند جارێك بەڵێن بە جوتیاران دراوە بۆیان خەرج بكرێت و لەم دوایانەشدا بۆ ئەم مەبەستدا نوێنەری جوتیاران چوونە بەغدا، بەڵام بە دەست بەتاڵی گەڕانەوە.
لەلایەكی دیكە لە چەند رۆژی رابردوودا عەرەبە ھاوردەكان گەنمی جوتیارانی كوردیان لە كەركووك و خانەقین سوتاند.
K24
