حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه 2 هه‌زار ئێزدیی شنگال له ڕیزه‌كانیان داده‌مه‌زرێنن
دامه‌زراندنی ئه‌م دوو هه‌زار كه‌سه، له‌سه‌ر داخوازی و پێشنیازی په‌كه‌كه بووه، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕیزه‌كانی خۆیدا ڕێكیان بخات و ده‌ڵێت: "به‌غدا ئه‌م داواكارییه‌ی په‌كه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك كه‌وتوون، كه ئه‌م دوو هه‌زار كه‌سه له ڕیزه‌كانی په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی عێراق دابمه‌زرێندرێن".
سه‌رچاوه‌كه ده‌شڵێت: "به مه‌به‌ستی ڕازیكردنی حه‌شد و لایه‌نه عێراقییه‌كانی دیكه‌ی ناو شنگال، كه گرووپی میلیشیایین، دانیشتوون بۆ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خته ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ئه‌وه وه‌ربگرێت، كه ئه‌م دوو هه‌زار ئێزدییه له ڕیزه‌كانی په‌كه‌كه‌دا دابمه‌زرێندرێن، به‌ڵام حه‌شد و ئه‌و گرووپانه پێشنیازه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌یان ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه. بۆیه له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك كه‌وتوون ئه‌م دوو هه‌زار كه‌سه دابمه‌زرێندرێن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی به‌سه‌ر لایه‌نه‌كاندا دابه‌ش بكرێن" و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه: "ئێستا پرۆسه‌ی تۆماركردنی ناوه‌كان ده‌ستی پێ كردووه و هه‌ریه‌كه له په‌كه‌كه و حه‌شد و گرووپه‌كانی تر، لیستی خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن".
سه‌باره‌ت به ئامانجی په‌كه‌كه و حه‌شد و گرووپه‌كان له‌و هه‌نگاوانه‌یاندا، وه‌یس نایف، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال ده‌ڵێت: "په‌كه‌كه و حه‌شد وه‌ك دوو هێزی نایاسایی و ناشه‌رعی له شنگال، نایانه‌وێت ئه‌و شارە خۆشی، ئاسووده‌یی، ئارامی و سه‌قامگیری به خۆیه‌وه ببینێت، بۆیه له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن، تا شنگال نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دۆخی سروشتیی خۆی و خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ست به دڵنیایی نه‌كه‌ن" و باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه له قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناكۆكییانه‌دا، به‌غدا پشتیوانی‌یان ده‌كات و گوتیشی: "به‌دڵنیاییه‌وه، ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه و حه‌شد له شنگال ده‌یكه‌ن، خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی شاره‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌ی ناكات".
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال ئاماژه به بێسه‌روبه‌ریی ڕه‌وشی شنگال و به سه‌ربازیكردنی شاره‌كه ده‌كات و ده‌ڵێت: "هه‌نووكه جگه له چه‌كداره‌كانی په‌كه‌كه، میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، حه‌شدی عه‌شایری، حه‌شدی ئێزدی، گرووپێكی دیكه‌ی ئێزدی، ئاسایشی ئێزدخان، سوپا و پۆلیسی عێراق له شنگال هه‌ن، كه هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ خۆی ده‌سه‌ڵاتێكه. ئێستا له‌سایەی ئه‌م هه‌موو هێزه چه‌كداره، شنگال وه‌ك سه‌ربازگه‌ی لێ هاتووه و كه‌ڵكی ژیانی نه‌ماوه، چونكه خه‌ڵك ناتوانێ له‌ناو ئه‌م هه‌موو گرووپه میلیشیاییه‌دا خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه و وه‌ك هاووڵاتییەكی ئاسایی و سه‌ربه‌خۆ بژیێت، هه‌ر ئه‌م باڵاده‌ستییه‌ی ملیشیاكانیشه، كه وای كردووه شنگال هیچ یاسا و ڕێسایه‌كی تێدا نه‌بێت".
نایف نه‌یشارده‌وه، كه ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا له هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال، به‌ڵام ئه‌و هێزه نایاسایی و میلیشیاییانه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیاندا، نایانه‌وێ دۆخی شاره‌كه ئاسایی ببێته‌وه. بۆیه ئه‌و گرووپانه و به‌تایبه‌تی په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی، ڕێگری له هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئاساییكردنه‌وه و باشتركردنی ژیانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن و جه‌خت ده‌كاته‌وه كه: "به‌غدا ئه‌و ڕاستییانه زۆر باش ده‌زانێت و ئاگای له ڕه‌فتاری ئه‌و هێز و گرووپانه هه‌یه، به‌ڵام خۆی لێ بێده‌نگ كردووه، ته‌نانه‌ت پشتییوانیی به‌غدا له‌وه‌ی كه ئه‌م ژماره كه‌سه بۆ ئه‌و گرووپانه دابمه‌زرێنێت، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی، كه به‌غدا نایه‌وێ ڕه‌وشی شنگال ئاسایی ببێته‌وه و یاسا تێیدا سه‌روه‌ر بێت".
باس‌نیوز
