27 ساڵ بەسەر یەكەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت

27 ساڵ بەسەر یەكەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت

27 ساڵ بەسەر یەكەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت، كە سەرەتاییەكی گرنگ بوو لە قۆناخێكی نوێی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و كورد سەلماندی توانای خۆبەڕێوەبردنی ھەیە و لە پرۆسەی دیموكراسیشدا پێشەنگی ناوچەكەیە.

لە یەکەم ھەڵبژاردن پارتی بە ٥١ کورسی براوەی ھەڵبژاردنەکە بوو، یەکێتیش بە ٤٩ کورسی دووەم بوو، دواتر پارتی لە کورسیەکی خۆی بۆ یەکێتی خۆشبوو، پێکھاتەکانیش خاوەنی ٥ کورسی بوون، له‌مباره‌شه‌وه‌ جەمال قاسم, سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتاران شاھێدی ئەوە دەدات, کە پەرلەمانی خولی یەکەم لەچاو خولەکانی دیکە جیاواز بوو.

خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی ١٠٥ کورسی بوو، دواتر بۆ ١١١ کورسی زیادکرا، تەمەنی خولی یەکەم ١٣ ساڵ بەردەوام بوو، کە بە درێژترین خولی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دادەندرێت.

لە ھەڵبژاردنی ١٩/٥/١٩٩٢ نزیکەی یەك ملیۆن دەنگدەر بەشداریان کرد، لە بەرامبەردا لەکۆتا ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان رێژەی دەنگدەران بۆ سەرووی ٣ ملیۆن دەنگدەر بەرزبووەوە.

لە یەکەم ھەڵبژاردن زۆرینەی خەڵك بەشداریکرد، لە ھەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ رێژەی دەنگدان لەسەدا ٥٩ بوو.

لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ لە ١٠ لیستی بەشداربوو تەنھا ٣ لیست بۆ پەرلەمان سەرکەوتن، لە دوا ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانیش لە ٣٨ قەوارەی بەشدار ١٦ قەوارە گەیشتنە پەرلەمان.

تا خولی سێیەم ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی کوردستان نەبوو، لە ٣ خولی دوايى ئۆپۆزسیۆن درووست بوو.

گەنجترین پەرلەمانتاری خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان سەکیس ئاغاجان بوو لە فراکسیۆنی پارتی, کە ئەوکات تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو، لە بەرامبەردا حەسەن کانەبی بلباس لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ٧٢ ساڵ بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولەکە بوو.

بچوکترین پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سارا دڵشادە لە فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی, کە ئەو ساڵە لەدایك بووە، کە یەکەم ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، گەوەترین پەرلەمانتاری خولەکەش ریڤینگ ھروریە لە فراکسیۆنی پارتی بە ٦٨ ساڵ.

لە خولی یەکەم کەسی یەکەمی حیزبەکان لە ریزی پێشەوەی پەرلەمان بوون، تاوەکو ھەڵبژاردنی دووەم کە لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجامدرا، پەرلەمانتارانی خولەکانی پێشووی پەرلەمانیش پێشنیاز دەکەن، جارێکی دیکە کەسانی بڕیاربەدەستی لایەنەکان بێنەوە پەرلەمان و یاسای ھەڵبژاردن لە بازنەی کراوە بۆ بازنەی داخراو ھەمووار بکرێتەوە، کە خولی یەکەم و دووەم بەو شێوەیە بووە.

یەکەم ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، بە یەکەم بەرھەمی راپەرینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ ی خەڵکی کوردستان دادەندرێت، کە بە رای بەشێك لە لایەنە سیاسیەکان، سیستەمی سیاسی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بە بوونی سەرجەم دامەزراوە دەستووریەکانیەوە، بەرھەمی ئەو ھەڵبژاردنەیە.

k24-
Top