"کریستیانەکان پڕۆژەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەیان ئامادە دەکەن"

لە ئابی ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش ھێرشی کردە سەر مووسڵ ژمارەیەک ھاووڵاتیی کریستیانیش وەک دیل کەوتنە دەست داعش، نوێنەرێکی کریستیانیش دەڵێ، ھێشتا ژمارەیەک کریستیانی لای داعش چارەنووسیان نادیارە و خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکین بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانەکانی کریستیانەکان.



جینان جەبار، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر مووسڵ زیاتر لە سەد ھاووڵاتیی کریستیان لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندران و دواتر بەشێکیان شەھید کران و ژمارەیەکیان ڕزگار کراون، بەڵام تا ئێستا ١٩ ھاووڵاتیی کریستیان لە دەستی داعشدان و چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە داعش لە عێراق شکاوە و دیلەکانی ئێمەش نادیارن و نازانین لە کوێن."



نوێنەرەکەی کریسیتان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەوەی داعش بەسەر کوردانی ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکەی ناوچەکەیدا ھێنا، بە هەمانشێوە گەلی ئێمەش لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا بەر ئەو ھێرشە دڕندانەی داعش کەوتن و قوربانی و زیانی زۆری بەدوای خۆیدا بەجێ ھێشت."



جینان جەبار گوتیشی: "ئێمە وەک فراکسیۆنەکانی کریستیان خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی بەھۆی ھێرشی چەکدارانی داعشەوە بەر ھاووڵاتییانی ئێمە کەوت، ژمارەیەک فراکسیۆنی نێو پەرلەمانیش پاڵپشتیی ئێمە دەکەن، چونکە مافی یاساییی گەلی ئێمەیە و ھاوشێوەی ئەو پڕۆژەیاسایەی بۆ کوردانی ئێزدی پێشکەش کراوە، بۆ کریستیانیش پێشکەش دەکرێت."
kdp-
Top