لە سنووری خانەقین زیاتر لە ٤٠٠ دۆنم زەویی کشتوکاڵیی کورد سووتێنراوە
له‌وبارەیە‌وه، ئەکبەر حه‌یده‌ر، جێگری به‌رپرسی لقی ١٥ی خانه‌قینی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێ: "ڕه‌وشی ئه‌منیی خانه‌قین به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، ده‌ستدرێژی ده‌كرێته سه‌ر گیان و ماڵی كوردانی خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری، له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا چوار هاووڵاتیی كورد شه‌هید كراون، به ناوه‌كانی نه‌جم ئیبراهیم، دلێر نه‌جم، ماموستا نه‌بیل، عه‌لی مه‌یخان جومعه، كه به‌ڕاستی كاره‌ساته".
جگه له داگیركردن و دروێنه‌وه‌ی كشتوكاڵی جووتیارانی كورد له لایه‌ن جووتیارانی عه‌ره‌بەوە، له لایه‌ن چه‌كدارانی داعشیشەوە ئاگر له كشتوكاڵی جووتیاران به‌رده‌درێت.
ئەکبەر حه‌یده‌ر بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێستا ده‌ست كراوه به سووتاندنی كشتوكاڵی جووتیاران و داگیركردنی خانوو و زه‌وییه‌كانیان، كه تا ئێستا زیاتر له ٤٠٠ دۆنم کێڵگەی گه‌نم و جۆی جووتیارانی كورد له سنووری گونده‌كانی موباره‌ك، دارا و مێخاس سووتێندراوه، كه ڕه‌نجی ساڵێكی ئه‌و جووتیاره كوردانه به‌فیڕۆ دراوە و، چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش ڕایانگه‌یاند، ئه‌وان سوتاندوویانن".
حه‌یده‌ر گوتیشی: "داوامان له حكوومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌رانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه به‌زوویی بێنه سه‌رخه‌ت و هه‌ڵوێستی جیددی له‌و ده‌ستدرێژییانه وه‌ربگرن کە بۆ سه‌ر ژیان و قووتی كورد له ناوچه‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت، له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن، بێت و ئه‌و دۆخه به‌رده‌وام بێت، كاره‌سات به‌دووای خۆیدا دێنێت، چونكه ڕۆژانه دۆخه‌كه به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات".
دووای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ ده‌ستدرێژی و كوشتن و داگیركردنی ماڵی هاووڵاتییانی كورد ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه.
جێگری به‌رپرسی لقی پارتی له خانه‌قین گوتی: "ئه‌و ماڵوێرانییه‌ی ئێستا له ته‌واوی ناوچه كوردستانییە‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر هاووڵاتییانی سڤیلی كورد ده‌هێندرێت، به‌رهه‌می خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧یه".
ناوبراو ده‌ڵێ: "تاكه چاره‌سه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆخی ئاسایش و ئارامی، گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه، تاوه‌كو هه‌موو پێڕه‌وانی ئایین و نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌به‌كان سه‌ر و ماڵ و گیانیان له ئاسایش‌دا بێت".
ئێستا به‌عه‌ره‌بكردنی ناوچه‌كه له سه‌ردەمی ڕژێمی سه‌ددام حوسێن زیاتر به‌ڕێوه ده‌چێت.
جێگری به‌رپرسی لقی پارتی گوتیشی: "ئه‌و عه‌ره‌به به‌عسییانه‌ی كه له ساڵانی سه‌رده‌می سه‌ددام حوسێن‌دا هێنرابوونه خانه‌قین و گونده‌كان ماڵ و زه‌ویی كوردیان پێ درابوو، ئێستا جارێكی دیكه، كه ده‌زانن پێشمه‌رگه له ناوچه‌كه نییه ڕێگرییان لێ بكات، هاتوونه‌ته‌وه زه‌و و ماڵی هاووڵاتیی كورد داگیر ده‌كه‌نه‌وه و به‌رهه‌می كشتوكاڵییان بۆ خۆیان ده‌دوورنه‌وه، حكوومه‌تی ناوچەییش له خانه‌قین و دیاله چاوی له‌و تاوانانه داخستووه و ڕێگه‌شیان بۆ خۆش ده‌كات".
kdp-
